وەزارەتی پێشمەرگە: پەكەكە بەردەوام ناوچە سنوورییەكان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پەكەكە شەڕی هێزەكانی توركیای پێ ناكرێت و بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات و هێزەكانی توركیا بەدوای خۆیاندا دێنن.

لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا هاتووە، كە میدیای پەكەكە لە دژی هێزی پێشمەرگە بڵاوی دەكاتەوە.

سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاندووە، ماوەی چەند رۆژە جارێكی تر میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەستیان داوەتە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وای بڵاو دەكەنەوە كە گوایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب رێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆش كردووە بۆ شەڕكردن لە بەرامبەر چەكدارانی پەكەكە.

لە روونكردنەوەكەدا چەند خاڵێك خراونەتەڕوو، و تێیدا هاتووە: لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروستبووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند.

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا، سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە رەفتارێكی دیكەی پەكەكە كردووە و تێیدا هاتووە: پەكەكە رێگەی بە خۆی داوە ناو و نیشانی ناوچە و چیا و دۆڵەكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و ناوی سەیر و سەمەرە و نامۆ بۆ ئەو ناوچانە دابنێت.

هەروەها هاتووە: لە كردەیەكی نامرۆڤانە و دژە ژینگەییدا چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە مینڕێژكردنی رێگەوبان و دۆڵ و كانیاو و دارستانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی زۆری بۆ خەڵكی ئاسایی و كاسبكار و گوندنشینەكان دروست كردووە. هەر بەهۆی بوونی نایاسایی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچە سنوورییەكان موڵك و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا، سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسیارێكی رووبەڕووی پەكەكە كردووەتەوە و نووسیویەتی: پرسیار ئەوەیە هێزەكانی پەكەكە بە چ حەقێك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانن و دەستی هێزەكانی توركیاش بەدوای خۆیاندا رادەكێشن؟ بۆچی ناچنەوە ناوخۆی توركیا و هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن؟

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا