پەکەکە: چەکدارەکانی بەرەی نوسرە بەجلی پێشمەرگەوە شەڕی پەکەکە دەكەن

پۆڵەتیک پرێس:

بەرپرسانی  (هەپەگە) رایدەگەیەنن ئەو گروپە چەكدارانەی کە تورکیا لە سوریاوە بۆ لیبیا و ئازەربایجان ناردبووی لە رێگەی فرۆکە خانەی رۆیاڵ جۆردەنیانی عەممانی پایتەختی ئۆردونەوە بە فڕۆکە رەوانەی هەولێری كردن و لەچوار چێوەی لیوایەك بەناوی لیوای شەش رێكخراون و بەجلی پێشمەرگەوە بۆ شەڕی پەكەكە ئامادە كراون، هاوكات بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هێزی نوێ دروست نەكراوە.

سەرچاوەیەكی باڵا لەناو هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، لە ناو ئەو گرووپەی رەوانەی هەولێر كراون چەند کەسێکی کورد هەن پێشتر لە کوردستانەوە بۆ سوریا و لیبیا نێردراون.

وتیشی، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەناو گروپە چەكدارەكانەوە بەهێزەكانی هەپەگە و گەریلاكانیان دراوە، لیوایەک بە ناوی لیوای شەش بۆ ئەوگروپە پێکهێنراوە و ئەندامەکانی بە سەرپەەشتی دەزگای میتی توركی و دەزگای پاراستنی پارتی بەجلی پێشمەرگەوە بەرەو هەرێمەکانی گەریلا لەسنوری حاجی عومران و بەردەنازرەوانە دەكرێن.

هاوكات، لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە پۆڵەتیك پرێس-ى رایگەیاند، هیچ هێزێكی نوێ لەوەزارەتی پێشمەرگە پێكنەهێنراوە و وەزارەت خۆی لیوای شەشی هەیە و لە سنوری چوار قورنە ئەرك دەبینن.

راشیگەیاند، لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هێزی گەورە هەیە و ئەوانیش هیچ زانیارییەكیان نیە بۆ دروستكردنی لیوای نوێ لەچوار چێوەی ئەو هێزانەی كە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن.

پێشتریش سەرچاوەیەک لە پەکەکە بە پۆڵەتیک پرێس-ی ڕاگەیاند، لە ئوردنەوە چەکدارەکانی بەرەی نوسرە و داعش کە لەسۆماڵ، لیبیا و ئازەربایجان بوون، بۆ شەڕکردن دژی پەکەکە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی هەولێر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا