لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان لە بەغدا چۆن باسی موقتەدا سەدر كرا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی هێز و لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا، رایگەیاند، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە دۆزینەوەی میكانزمێك بۆ گێڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ ناو پرۆسەی سیاسی.

رۆژی چوارشەممە 17-08-2022 لایەنە سیاسییەكان بە سەرپەرشتیی بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران لە بەغدا كۆبوونەوە و رایانگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنەكان ئاڵۆزیی شەقام و راگەیاندن رابگرن، هەروەها داوا لە رەوتی سەدر بكرێت بەشداریی دیالۆگی نیشتمانی بكات.

جەمال كۆچەر، نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆبوونەوەكەدا بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لەوەی چۆن میكانزمێك بدۆزرێتەوە لە پێناو گێڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ ناو پرۆسەی سیاسی.

نوێنەرەكەی یەكگرتوو وتی: ئەوەی موقتەدا سەدر داوای دەكات بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەم روەوە دەوڵەتی یاسا كێشەی نیە لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەو داواكارییەی سەدر بەچەند مەرجێك.

وتیشی: مەرجەكانی دەوڵەتی یاسا بریتیە لەوەی مانگرتووان و خۆپیشاندەران لە پەرلەمان بچنە دەرەوە و پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنە ئاساییەكانی خۆی بكاتەوە بۆئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە و پرۆژەی یاسای بودجە پەسەند بكات، چونكە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە بودجەیە و دەبێت بودجەی هەڵبژاردن لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگای بكرێتەوە.

جەمال كۆچەر روونیكردەوە، ئەگەر چی رەوتی سەدر بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد بەڵام پێشوازی لە كۆبوونەوەكە كردووە و دواخستنی هەڵبژاردنەكە ملیۆنیەكەی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دەرخەری نیەتی سەدرە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەشتن لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و هێزەكانی دیكەی ناو چوار چێوەی هەماهەنگی.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بۆچی یەكگرتووی ئیسلامی بە كەسی یەكەم بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكردووە جەمال كۆچەر وتی: بانگهێشتنامەكە بۆ بەشداری هێزە سیاسییەكان بوو نەك بۆ كەسی یەكەمی هێزە سیاسییەكان بۆیە لەو حاڵەتەدا ئاساییە حزبەكان نوێنەر بنێرن و بە كەسی یەكەم بەشداری نەكەن، وەكو خۆشم كاتێك دیاریكرام بۆ نوێنەرایەتیكردنی یەكگرتوو لەو كۆبونەوەدا لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بە تەلەفۆن قسەم كردووە و سەرەنج و بۆچوونەكانی ئەمیندارم لەبارەی رەوشی سیاسی عێراقەوە وەرگرتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا