پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە ژنانی کوردستان و جیهان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، “ئاشکرایە ژنان لە مێژووی ئێمەدا رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی نادادی، قوربانی گەورەیان داوە لەپێناو یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی”.
لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، “ئەمڕۆ یادی هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانە دەکەینەوە و بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانیان دەڕوانین. لە ھەمان کاتدا خۆمان بە پاڵپشتی ڕاستەقینەی ژنانی ئازادیخواز و نوێخوازی ئەمڕۆ دەزانین.”.
وتیشی، “بە نیگەرانییەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنم ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان رۆژ بە رۆژ لە ھەڵکشاندایە، تا ئێستا ئەم دیاردە دزێوە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوامی ھەیە. بۆیە لەم یادەوە پێویستە دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێن بدەن بە یاسا و سزایەکی توند سنوورێک بۆ ئەو جۆرە عەقڵییەت و کەسانە دابنێن، کە تاوەکو ئێستاش پێیان وایە شەرەف لە ژنکوژیدایە”.
جەختی لەوەشکردەوە، “ھەر بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاندەری ژنانی کوردستانین و بە توندی دژی هەموو جیاکارییەکی رەگەزیی و نایەکسانییەک دەوەستینەوە. بەگرنگییەوە لە رۆڵ و پێگەی ژنان دەڕوانین لە کۆمەڵگەدا و بە خەباتی لە مێژینە و ئەرکی خۆمانی دەزانین”.