داوای دەستلەكاركێشانەوەی زاواكەی ئەردۆغان دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس:
داوای دەستلەكاركێشانەوەی بیرات ئەلبایراكی وەزیری دارایی توركیا دەكرێت، كە ناوبراو زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەیە.

ماوەیەكە چالاكوانانی توركیا لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هاشتاگی #BeratAlbayrakİstifa واتە “دەستلەكاركێشانەوەی بیرات ئەلبایراك” لەتویتەردا بڵاودەكەنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە، چارەسەرێك بۆ قەیرانی دارایی توركیا لەماوەی دەسەڵاتی وەك وەزیری دارایی بدۆزێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا زیاتر پشتگیری برات ئەلبایراك وەزیری دارایی دەكات‌و زۆرجاریش لەدەركەوتنەكانی وەك “قارەمان” وەسفی دەكات، بەڵام چالاكوانانی توركیا بەهۆكاری سەرەكی قەیرانی دارایی دەزانن، بەو هۆیەشەوە داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكەن.

لەبەرانبەر كاردانەوەكانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند رۆژێك پێش ئێستا رایگەیاند، كە كێڵگەیەكی گەورەی نەوتیان لەدەریای رەش دۆزیوەتەوەو جەختی كردەوە، ئەوەش هۆكارێك دەبێت بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی توركیا.

چاودێران وای دەبینن، ئەردۆغان ئەو بانگەشەی بۆ ئەوە كردبێت، بۆ ئەوەی فشارەكانی سەر وەزیری دارایی كەمبێتەوە، بەوەی لەرێگەی هەوڵی ئەوەوە دۆخی دارایی چارەسەر دەكرێت.

هەر لەدرێژەی كاردانەوەكان سەرۆكی پارتی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كەمال كلچدار ئۆغڵۆ داوای لە ئەردۆغان كرد، زاواكەی لەسەر كار لابدات.

كەمال كلچدار ئۆغڵۆ، كە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری ( CHP ) راشیگەیاند، ئەگەر هێشتا ئەم میللەتەت خۆش دەوێت و ناتەوێت ئەم میللەتە بەدبەخت بێت، یەكەم شت كە دەیكەیت كۆتایی بە ئەركی وەزیری دارایی بهێنە.