یەكێتی ئەرشەد ساڵحی دەداتە دادگا

پۆڵەتیك پرێس:
یەكێتی نیشتمانی بریاریداوە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی لەكەركوك بداتە دادگاو بەرپرسێكی ئەو حیزبەش دەڵێت: یەكێتی سەنگ‌و قورسایی خۆی هەیە لەكەركوك‌و ئەوان دەیانەوێت لەو سەنگ‌و قورساییەی یەكێتی بدەن.

محەمەد دوشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بە “پۆڵەتیك پرێس”ی وت: ئەو كەسەی، كە كۆچی دوایكردووە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەو بەو هۆیەوە كۆچی دوایی كردووە، بەڵام “ئێمە تێناگەین بۆچی بابەتەكە بەو جۆرە دەشێوێنرێت، تا متمانە لە ناو پێكهاتەكانی كەركوك نەهێڵرێت”.

محەمەد دوشیوانی وتیشی: ئەرشەد ساڵحی لەوەتی هەبووە لە زمانی تێكدان و ئاژەوە و دووبەرەكی هیچی دیكە نازانێت ئەویش لە ناوخۆ و دەرەوە ئەمری پێكراوە‌و ناچارە هەوڵبدات كێشە لەكەركوكدا هەبێت تا بازاڕی گەرم ببێت لەلای ئاغاكانی، “ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ ئەودا هەبووە و هەمیشە وابووە”.

“ئەرشەد ساڵحی باوەری بە دەستوور و یاسا نییە، ئەگەر پێیوایە غەدری لێكراوە با لە دادگا داواكانی یەكلابكاتەوە نەك لە سەر فەیسووك، یەكێتی باوەری بە یاسا هەیە و هەركەسێك تۆمەت بۆ یەكێتی هەڵببەستێت ئێمە دەیدەینە دادگا و بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمانە زمانی رق هیچی لێ بنیاد نانرێت، جگە لە دروستكردنی ئاژاوە لە كەركوك هەر بۆیە بڕیارمان بەو جۆرەیە كە ئەرشەد ساڵحی بدەینە دادگا و بۆ ئێمەش روون ببێتەوە كە بەبێ هۆ بۆچی تۆمەت بۆ یەكێتی هەڵبەستراوە” محەمەد دوشیوانی وای وت.

هەروەها وتی: یەكێتی ماوەیەكە دەستی بە جموجوڵی سیاسی خۆی كردووەتەوە لە كەركوك و ناوجەكانی دەوروبەری و پێگەی لە قەبارەی حیزبەكەی زیاتر بووە و بەرانبەرەكانی ترساندووە، ئەوانیش ناچارن بەم زمانە كار بكەن تا لە سەنگی یەكێتی بدەن، بەڵام بەم جۆرە كارانە یەكێتی بەهێتر دەبێت.

ئەرشەد ساڵحی رۆژی هەینی 28ی ئاب رایگەیاند، كە گەنجێكی توركمانی لەسلێمانی‌و بەهۆی ئەشكەنجەدان لەزیندا گیانی لەدەستداوە.

دوای ئەوەش پەڕلەمانتارانی یەكێتی لە كەركوك رەتیانكردەوە، ئوسامە حەسەن، كە گەنجێكی توركمانییە لەكەركوك، بەهۆی ئەشكەنجەدانی لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە گیانی لەدەستدابێت، بەڵكو ئەو كەسە بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.

ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێكدا، ئاماژەیان بەوەش كردبوو، ئوسامە حەسەن رۆژی 21ی ئەم مانگە بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆناوە داخڵی نەخۆشخانەی ئەنتەرناشناڵی شاری هەولێر كراوەو هەر بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا