پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌و شانده باڵایه‌ى عێراق، كه بەمەبەستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال، گەیشتونه‌ته قەزای شه‌نگال، تائێستا له‌و قه‌زایه ماونه‌ته‌وه و به‌رپرسێكى یه‌كێتیش به‌دورى ده‌زانێت ڕێككه‌وتنه‌كه هیچ ئه‌نجامێكى هه‌بێت.
رۆژى دووشه‌ممه 14ى ئادار شاندێکی باڵای ئەمنی کە پێکهاتووە لە عەبدولئەمیر یاڕەڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و عەبدولئەمیر شه‌مەری، جێگری ئۆپه‌راسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و حەمید شتری بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، گەیشتنه قەزای شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا.
غه‌یاس سورچى بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، ئه‌و شانده تائێستا له قه‌زاى شه‌نگال ماونه‌ته‌وه و سه‌ردانى سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منی و سیاسى و سه‌ربازییه‌كانى سنوره‌كه ده‌كه‌ن، به‌ئامانجى له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوون له جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى شه‌نگال.
وتیشى، “رێككه‌وتنه‌كه هیچ هه‌نگاوێك نه‌چۆته‌پێش، ئه‌م سه‌ردانه‌ش وه‌ك رێككه‌وتنه‌كه هیچى لێ شین نابێت، چونكه رێككه‌وتنه‌كه نزیكه‌ى پێنج مانگه بڕیارى لێدراوه به‌ڵام به‌رێژه‌ى 1%ى جێبه‌جێنه‌كراوه”.
به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى هۆكارى جێبه‌جێنه‌كردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى شه‌نگال بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، “رێككه‌وتنه‌كه له‌لاى خه‌ڵكى شه‌نگال و كوردانى ئێزدى به‌چاوى گوماناوى لێیده‌ڕوانن، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه ئه‌و چه‌كدارانه‌ى یه‌به‌شه كه له شنگالن، وه‌ك به‌شێك له په‌كه‌كه‌ى له‌قه‌ڵه‌مدراون، له‌كاتێكدا په‌كه‌كه نیین، زۆربه‌یان عێراقى و كوردى ئێزدین”.
ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش هیچ په‌یوه‌ندیه‌كى به هه‌رێمى كوردستانه‌وه نییه و ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت ته‌نها سیناریۆیه‌كى نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمه، جێبه‌جێكردنى ئه‌جنداى ده‌ره‌كییه.
ئه‌مه دواى ئه‌وه دێت، له‌سەرەتای ئەم مانگە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە قەزای شنگالدا بڵاوەیان پێکراوە و ئامادەن رووبەڕووی هەر هێزێک ببنەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی عێراقن.