كۆمپانیا گەورەكانی هەرێم خۆیان لە باجدان دەدزنەوە

پۆڵەتیك پرێس:
بەشێك لە كۆمپانیا گەورەكانی وەك كۆمپانیاكانی نەوت و سیكیوریتی و پەیوەندییەكان خۆیان لەباجدان دەدزنەوە و ئامادەییان نییە باج بدەنە حكومەت، سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی جەختدەكاتەوە پێویستە حكومەت رێوشوێنی پێویست بەرانبەر ئەو كۆمپانیا گەورانە بگرێتە بەر، نەك باج لەسەر كۆمپانیا بچووكەكان و خەڵكی ئاسایی قورس بكات.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی تایبەت بە پۆڵەتیك پرێس وتی: حكومەت كۆمەڵێك بڕیاری بۆ چاكسازی لە بواری باج داوە، بەڵام كۆمپانیا گەورەكانی باجدەران خۆیانی لێدەدزنەوە، لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك كۆمپانیای نەوتی و سیكیوریتی و پەیوەندییەكان هەن لە باج بەخشراون.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: ئەگەر فشار بخرێتە سەر ئەو كۆمپانیا گەورانە، كە پێویستە باج بدەن، داهاتێكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پشتی پێدەبەسترێت بۆ رایكردنی كارەكانی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم.

سەرچاوەكە روونیشیكردەوە، بەداخەوە بابەتی بەخشین، یان خۆدزینەوەی كۆمپانیا گەورەكان لە پێدانی باج وایكردووە باجدان لەسەر خەڵكی ئاسایی قورس ببێت، پێویستە باج لەسەر هاووڵاتیان زیادنەكرێت، بەڵكو لەسەر ئەو كۆمپانیایانە زیاد بكرێت، كە داهاتێكی زۆریان هەیە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی كوردستان وتی: ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 500 كۆمپانیا لە ئەنجامی نەدانی باج بە حكومەت غەرامەی یاسایییان بۆ كراوەو نزیكەی 100 كۆمپانیاش دراونەتە دادگا و رێكاری یاسایییان لەدژ گیراوەتە بەر و بەو هۆیەوە توانراوە بە سەدان ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێنرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا