په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: بەشداریكردنی میلیشیاكان لەهەڵبژاردنه‌كان ئارامی عێراق ده‌شێوێنێت

پۆڵەتیك پرێس
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكان و یاسای حیزبەكان كە لەپەرلەمانی عێراق دەرچوون، هەر حزب و لایەنێك خاوه‌نی هێزی چه‌كداری ومیلیشیایی نافه‌رمی بێت، نابێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنەكان بكات، بەڵام لەئێستادا بەشێكی زۆر لەوحیزبانەی خۆیان تۆماركردووە خاوەنی هێزی چەكدارو میلیشیان، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت بەشداری كردنی ئەولایەنانە لەهەڵبژاردن جێگەی مەترسین و ئارامی عێراق تێكدەدەن.

ئەڵماس فازل، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق بەپۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، “یاسای حزبه‌كان كه‌ له‌ ساڵی 2015 لەپەرلەمانی عێراق دەرچووە جەخت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی‌، هەر حزب و قه‌واره‌ و لایەنێك كه‌ خاوه‌نی هێزی چه‌كداری و میلیشیای نافه‌رمی بن، ناتوانن به‌شداری لەهه‌ڵبژاردنەكاندا بكەن و هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنەكایش كه‌ ساڵی ڕابردوو دەرچوو به‌شداریكردنی ئەو حزب و لایەنانە لەهەڵبژاردنەكان قه‌ده‌غه‌دەكات”.

وتیشی:” دەمانویست لەم خولەی پەرلەماندا زیاتركاربكەین لەسەر یاسای حیزبەكان، بەڵام بارودۆخی سیاسیی و رێكنەكەوتن و لێكتێنەگەیشتی لایەنەكان رێگربوون لەبەردەم ئەوهەنگاوە، وەك پێویست جێبەجێنەكرا”.

ئەڵماس فازل باسی له‌وه‌شكرد،:”دەبێت ئەو حیزبانەی هێزی چەكداری نافەرمی و میلیشیایان هەیە مۆڵەتەكانیان لێوەربگیرێتەوەو پابەندبكرێن بەوەی، نەتوانن خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان تۆماربكەن لەبەرئەوەی جێگەی مەترسین، بەڵام ئه‌وان هاتوون لەژێرناوی جیاوازدا خۆیان تۆماركردووە، ئەوەش مەترسی گەورە بۆسەر ئایندەی عێراق دروستدەكات، دۆخێك دێنێتەوە پێشەوە لەداهاتودا ئارامی عێراق بەرەوتێكدان دەبات”.

بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگۆی دواخستنی ئه‌و واده‌یه‌ له‌ئارادایه‌.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا