لە پەراویزی دادگایکردنی ڕۆژنامەنووساندا

تۆمەتبارکردن چی وەبێر ھێنامەوە؟
(تۆمەتبارکردنی شەھید ئەحمەد تاوسانە و سابیر ئازوقە)بە نموونە
حزبی شیوعی لایەنێکی گرنگی شوڕشی ئەیلول بوو ، ھەر لەدوای کۆدەتا شوومەکەی ھەشتی شوباتی١٩٦٣،حیزبی شیوعی دەشت و هەرد و چیاکانی کوردستانی کردە ناوەندی تێکۆشانی، بنکەو بارەگاو ھێزی پێشمەرگەی لە سۆرانەوە بۆ بادینان ھەبوو ، ھێزی پێشمەرگەی حیزب دەیان داستانی پڕ سەروەری تۆ مارکرد ،بەنمونەی شەڕەکانی ھندرین و سەری بردی و حسن بەگ و کۆڕەک…..ئەم بەشداریە لە دەرەوە و ناوەوەی عيراق و کوردستان پاڵپشتیکی سیاسی و سەربازی و مەعنەوى مەزن بوو بۆ ئەو شوڕشە .
حزبی شيوعى، لە شەڕو ململانیی جەلالی و مەلایی دا لە ڕووی سیاسییەوە لایەنگیری مەلاییەکان بوو ،بەڵام خۆی پاراست و تێۆەنەگلا لە شەڕی چەکداری نێوانیان ،کە ئەوەش ھەڵویستێکی دروست و لە جیی خۆیدا بوو.
تا بەیانامەی ئازارو ڕیککەوتنی بەعس و بزوتنه وەی كوردايەتی ، ململانێی سیاسی و سەربازی ئەم دوو لایەنەی بزافی کوردایەتی بەردەوام بوو. هاوکات تێکۆشان و سیاسەتەی حزبی شیوعى بەردەوامی خۆی ھەبوو ، پرسی کوردو مافی چارەنووسی گەلی کوردستانی بە بەشیکی گرنگی تێکۆشانی خۆی دەزانی.
کاتێک ڕیککەوتنی ئازاری ساڵی١٩٧٠ واژۆکرا و پارتی و بەعس ڕیککەوتن ، لەئاکامدا بەڕیوەبردنی پاریزگا و قەزا وسەرجەم ناوچەکانی ئۆتۆنومی کەوتنە ژێر دەسەڵاتی پارتی. بەڵام پارتی هاوخەباتەکەی خۆی پشتگوێ خست و تەنانەت بەڕیوەبەری ناحییەیەکی بە حیزبی شیوعي بە ڕەوا نەبینی ، نەک هەر ئەمە بەڵکو بە تۆمەت و شیوازی جوراو جۆر کەوتنە دژایەتی ئەو حزبە.
لێرەدا دەمەوێ نمونەیەک بھێنمەوە کە پەیوەندیدارە بە چۆنیەتی تاوانبارکردنی شیوعییەکان لە گوندی دووانزەئیمام کە خۆم شایەتحاڵی ئەو ڕووداوەم.
گوندی دووانزە ئیمام پێگەیەکی بەھێزی حزبی شیوعى بوو ، زۆربە ی کەسایەتییە دیارەکانی سەر بە حیزبی شیوعى و لایەنگری بوون، تائەو ڕادەیەی لە شەڕی ملایی و جلالی دا تاکە کەسێک چەکی جەلالی ھەڵنەگرت ،کە ئەو کاتە ھەموو ناوچەی گەرمیان تاکۆ قرەداغ لە ژێر کۆنتروڵی ئەواندا بوو ، چەک ھەڵنەگرتن بووە مایەی ناڕەزایەتی جەلالییەکان کە لێرەدا بابەتی باسکردنی نییە.
سەرەڕای ئەم ھەڵویستانە ،فشارەکانی پارتی بۆ سەر شییوعییەکان و لایەنگرانی بەردەوامی وەردەگرێت .
ساڵی ١٩٧٢ کاتێک بنکەی تەندروستی لەو گوندە دەبێت و یاریدەدەری پزیشک(دكتور على) بەڕیوەی دەبات کە بە خێزانەوە لەوێ دەبن ،دکتۆر علی تا ئەم ساڵانەی دواییش لە ژیاندا مابوو و لە(داقوق)نێشتەجێبوون.
لەو ساڵەدا شەو پێنج پێشمەرگەو لایەنگری پارتی دەچنە سەریان و ئازاریان دەدەن و ھەرچی زێڕو خشڵی هاوسەرەکەی ھەیە دەیبەن. دووان لەوانە ئەم کارەیان زۆر پێناخۆش دەبێت و بە زوڵم و تاوانی دەزانن ، بۆیە درەنگانێکی شەو خۆیان دەدزنەوەو سەردانی( مام فارس) ی باوکم دەکەن و لە وردەکاری ڕووداوەکە ئاگەداری دەکەنەوە و مەبەستی ئەم کارەیشی بۆ باسدەکەن کە سیناریویەک بووە تا حزبی شیوعى پێ تاوانبار بکەن و چەند کادێرێکی حیزبی تێوە بگلێنن.
بۆ ڕۆژی دوایی (م ،ن )بەرپرسی ناوچەی کفری پارتی بە چەند پێشمەرگەیەکەوە دێنە دووانزەئیمام و (شەھید ئەحمەد تاوسانەو سابیر حمید ناسراو بە سابیر ئازووقە) دەگرن و هەردووکیان سواری جیبێکی ئەمریکی دەکەن ،پاشان خەڵکی گوند کۆدەکەنەوە و خوتبەیەکیان بۆ دەدەن کە گوایە ئەمانە شیوعين و چونەتە سەرماڵی دکتور على و تعدایان لێکردون و زێڕو خشڵی خێزانە کەیان بردوە……
کاتێک ئەم ھەواڵە دەگاتە( مام فارس) ی باوکـم ، دێت و چاکەتەکەی لە سەر شانی دەبێت و سڵاوێک لە ھەمووان دەکات پاشان پرسیار لە بەر پرس دەکات کە ئەمانە بۆچی گیراون ؟ لە وەڵامدا بەرپرسەکە دەڵێ [ ئەمانە ھاوریی ئێوەن ،چونەتە سەر ماڵی دکتو علی و دزییان لێ کردوە ،کە بۆ خزمەتی ئەم خەڵکە ھاتووە……..
(مام فارس)بە توندی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت [ ئەمانە دزنین و سێناریۆی ئێوەیە بۆ ناشیرین کردنی حیزب و هاوڕێیانمان ، ناوی دزەکان لامە کە سەر بە ئێوەن ،گەرپاش پێنچ خولەکی تر ھاوڕیان ئازاد نەکەیت، ئەوا دەچمە سەربانی ئەو خانوە بەرزەی حاجی حمە ساڵح و ناوی دزەکانی ئێوە لێرە ڕایدەگەیەنم.]
کاکی بەرپرس شپرزدەبێ و سیمای تێک دەچێت و دەستی (مام فارس) دەگرێت و لە خەڵکەکە دووری دەخاتەوە ، زۆر دڵنیانابێ کە ھەموو زانییاریەکانی لایە ،بۆیە پێی دەڵێ سەرەڕای ئەوەی ھاورییانی ئێوە دزییان کردوە و چونەتە سەر ئەو ماڵە هێشتا تۆ خۆت توڕە دەکەیت……
باوکێشم ڕاستەوخۆ ناوی دزەکانی بۆ ئاشکرا دەکات ، ئەویش لەوەلامدا دەڵێ زۆر باشە لێکوڵینەوەی تێدا دەکەم و پێکەوە دەگەڕێینەوە بۆ ناو خەڵکەکە .دوای ئەم گفتووگۆ کورتە بەرپرسەکەی پارتی بەخەڵکەکە دەڵێت (مام فارس) ھەندێ زانیاری لایە ،بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەین.
هاوکات ڕوو لە هاوڕێیان ئەحمەد تاوسانەو سابیر دەکات و پێیان دەڵێت [وەرنە خوارەوە لە سەیارەکە ، مام فارس کەفیلتانە تا ئەنجامی لێکوڵینەوە کە دەردەچێ].
شایانی ئاماژەیە پاش ئەوە بەردێکی گەورەیان نایە سەر دۆسیەکەو هەرگیز باسیان نەکرد و لێکۆڵینەوەش نەکرا،چونکە سیناریۆکە ڕوون و ئاشکرا بوو.
تۆمەتبارکردن بە ناھەق، تاوانێکی قێزەوەنە ، پێویستە حزبی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی دوورکەونەوە لێی ،ئەم شێوازە ناشیرینە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتار و زۆردارەکان بەکاریان ھێناوە ،ئەنجامەکەشی بە شکست بۆ خۆیان گەڕاوەتەوە.
خۆ ئەگەر حزبێکی سیاسی ، دەسەڵاتێک کە نوینەرایەتی گەلێکی زوڵملێکراو بکات ،باشترە سوود لە تەجروبەی ڕابووردو وەربگرێت و دوور کەویتەوە لەو کردارە قێزەوەنانە ،چونکە لە ئاکامدا ئاشکرادەبن و خۆیانی پێ ڕسوادەبن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا