یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی مۆتەکەى ڕۆژنامەنوسان

هەڤاڵ غالب

کەسێک نیە تێیان بگەیەنێت سۆشیال میدیا بەشێکی گەورەیی میدیایە و لینکی بەستنەوەی خوێنەرە بە کەناڵەجیاجیاکانی ڕاگەیاندن، چۆن دەکرێت هەر چالاکیەکی میدیایی لە ڕێگای مۆبایلەوە ئەنجام درا، بە مادەیاساییەکانی مۆبایل مامەڵەی لەگەڵ بکەیت.

ئەمڕۆ ڕاگەیاندن تەنها تەلەفزیۆنێکی لۆکاڵی و ڕادیۆیەکی قیسارە و چوار لاپەڕەی کاخەزی ڕۆژنامەیەک نیە، ئێستا میدیا دیجیتاڵە و سایت و پەیج و وێب تیڤی و کاری گرافیکە، بگرە ئێستا میدیای دیجیتاڵ تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەی قوتداوە و کردونی بەبەشێک لەخۆی.

دەسەڵاتی کوردی و دادگاکان بە بەرنامەبێت یان بێ مەبەست مادەیەکی یاساییان کردۆتە تەوقێک لەگەردنی ڕۆژنامەنوساندا، ( یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندی) ئەو دێوەزمەیە کە ڕۆژنامەنوس لەسەرپۆستێکی فەیسبوک شەش مانگ دەخاتە کونجی زیندانەوە.

پێیان بڵێن.. فەیسبوک و تویتەر و تۆڕەکانی تر ئەمڕۆ میدیایەکی کاریگەرن نەک ئامێری پەیوەندی، پێیان بڵێن ڕۆژنامەنوس جیاوازە لە خەڵکی سەرشەقام و پەیامەکانی بۆخزمەتی کۆمەڵگەیە نەک تێکدانی ئادابی گشتی، بابەتەکانی لەپێناوی خەمی گشتیدایە ئەوەی پێی قەڵسدەبێت گەندەڵ و ستەمکارانن، نەک ڕۆژنامەنوس بوبێتە مایەی بێزاری بۆ هاوڵاتیان.

لەهیچ بڕگەیەکی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ دا نەهاتووە کە ڕۆژنامەنوس بەند بکرێت، پێویستە ڕۆژنامەنوس بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کەچی ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا دەیبینین زۆرترین ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگر بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دراون بەدادگا وبەشی زۆریشیان سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا