ئەگەر هەیە هاوپەیمانی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكبهێنرێت

پۆڵەتیك پرێس:
لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كردووە، بەرپرسێكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت: ئەگەر هەیە هاوپەیمانی پێكبهێنرێت.

رۆژی شەممە 9ی كانوونی دووەم دەستكراوە بەتۆماركردنی ناوی قەوارە و لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتووی عێراق، ئەو پرۆسەیەش تا 16ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، دوای ئەو وادەیەش هاوپەیمانی لایەنەكان قبوڵ ناكرێت.

كاوە گەردی، بەرپرسی بەشی تەكنیكی لەدەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو وادەیەی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لایەنەكان دانراوە زۆر كەمە، بەڵام ئەگەر هەیە هاوپەیمانی دیاری بكرێت.

وتیشی: بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی پێویست بەكۆبوونەوەی لایەنەكان دەكات بۆ تێگەیشتن‌و ئەگەر پێویست بكات ئاماكاری خۆمان دەكەین.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی پارتی جەختیكردەوە، كە ئەوان ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە و وەك هەر هەڵبژاردنێكی دیكەش ئامادەكاری خۆیان كردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە لە شەشی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت، بەڵام بەبیانووی جۆراو جۆر تا ئێستا دەنگۆی دواخستنی لەئارادایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا