ئەو ویلایەتانەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا یەكلادەكەنەوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
هەموو دیمەنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا تا ئێستا ئاماژەن بۆ ئەوەی، كە جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كاندیدی كۆمارییەكاندا سەربكەوێت ئەوەش بەپێی ئەو دەنگانەی لەویلایەتە گرنگەكانی ئەمریكا تۆمار كراون، بەڵام لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ساڵی ٢٠١٦ و ساڵی ٢٠٠٠ رەنگە كۆمەڵگای هەڵبژاردن رێڕەوی پڕۆسەكە بگۆڕێت و خەڵكی ئەمریكا تووشی سەرسوڕمان بكات.

بەپێی ماڵپەڕی ریاڵ كلێر پۆڵەتیك، كە یەكێكە لە دیارترین ماڵپەڕەكانی شیكردنەوەی سیاسی ئەمریكی، تا ئێستا جۆ بایدن بە جیاوازی ٧،٤ خاڵ لە راپرسییەكاندا پێش دۆناڵد ترەمپ كەوتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە تەنیا چوار رۆژ لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا ماوە، كە بڕیارە ٣ی تشرینی دووەم، كە دەكاتە رۆژی سیشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بەپێی رای شارەزایان، هێشتا كاندیدە كۆمارییەكە چانسی بردنەوەی ماوە بەتێڕوانین لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ كاتێك بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەسەر هیلاری كلینتۆن كاندیدی دیموكراتەكاندا سەركەوت.

دەنگی ئەو ویلایەتانەی زۆرترین ركابەری نێوان كۆماری و دیموكراتەكانی تێدایە لە پێشبڕكێی چوون بەرەو كۆشكی سپی بە دەنگی یەكلاكەرەوە لەقەڵەم دەدرێت، لە كۆی هەموو ویلایەتەكانی ئەمریكا شەش ویلایەتیان گرنگترین‌و یەكلاكەرەوە ترینن، كە خاوەنی ١٠١ دەنگی كۆمەڵگای هەڵبژاردنن، هاوكات ویلایەتەكانی فلۆریدا و پەنسلڤەینیا دوو دیارترین ویلایەتن، كە دەنگەكانیان بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ یەكلاكەرەوەن.

ویلایەتەكانی فلۆریدا و پەنسلڤەینیا دوو دیارترین ویلایەتن، كە دەنگەكانیان بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ یەكلاكەرەوەن

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، لە ویلایەتی پەنسلڤەینیا بە جیاوازی حەوت خاڵ بایدن لەپێش ترەمپەوە بوو، بەڵام لە دوایین راپرسییەكاندا ئەم جیاوازییە بۆ ٤،٣ خاڵ كەمبووەوە، لەلایەكی دیكەوە لە ویلایەتی فلۆریدا، ترەمپ توانی جیاوازییەكە بۆ ١،٤ خاڵ كەم بكاتەوە لەكاتێكدا لەماوەی رابردوودا نزیكەی ٣،٧ خاڵ جیاوازی لەنێوان دەنگی بایدن و ترەمپ هەبوو لەو ویلایەتە.

بەپێی راپرسییەكە، لە ویلایەتی ویسكۆنسن بایدن بە جیاوازی ٦،٤ خاڵ لەپێش ترەمپەوەیە و لە میشیگانیش كاندیدە دیموكراتەكە نزیكەی ٦،٥ خاڵ لەپێش ترەمپەوە.

لەلایەكی دیكەوە، ویلایەتی كارۆلینای باكور لەڕووی نزیكی پشتگیری كاندیدەكانەوە و لەدوای فلۆریدا بە یەكێك لە ویلایەتە پێشەنگەكان دادەنرێت، بەپێی راپرسییەكان لەم ویلایەتە تا رادەیەك دەنگەكانی ترەمپ پێشكەوتووە بەجۆرێك پێشتر جیاوازی دەنگەكانی لەگەڵ بایدن ١،٤ خاڵ بوو بەڵام ئێستا ئەم جیاوازییە بۆ ٠،٦ خاڵ كەمبووەتەوە.

پێشتریش لە ویلایەتی ئەریزۆنا دۆناڵد ترەمپ نزیكەی ٢،٧ خاڵ پێش بایدن كەوت

پێشتریش لە ویلایەتی ئەریزۆنا دۆناڵد ترەمپ نزیكەی ٢،٧ خاڵ پێش بایدن كەوت بەڵام ئێستا راپرسییەكان دەریدەخەن دەنگی هەردوو كاندیدەكە لەو ویلایەتەش لەیەكتر نزیكە.

ساڵی ٢٠١٦، هیلاری كلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نزیكەی سێ ملیۆن دەنگ لەپێش ملیاردێرە كۆمارییەكەوە بوو، بەڵام لەمیانی گۆڕانكاری لە زۆرێك لە ویلایەتە سەرەكییەكانی ئەمریكا و دەنگدانیان لەبەرژەوەندی ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان زۆرینەی دەنگی دەستەی دەنگدانی بەدەستهێنا كە ٢٧٠ دەنگی تێپەڕاند و چووە كۆشكی سپی.

مەرج نییە ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت ببێتە سەرۆك، بەڵكو ئەو كاندیدەی دەنگی ٢٧٠ نوێنەری كۆمەڵگای هەڵبژاردن لە كۆی ٥٣٨ نوێنەر بەدەستبهێنێت دەبێتە سەرۆك.

بۆچی ویلایەتی فلۆریدا بە یەكلاكەرەوە دادەنرێت؟
زۆرێك پێیانوایە فلۆریدا ویلایەتی یەكلاكەرەوەیە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كە خاوەنی ٢٩ دەنگی كۆمەڵگای هەڵبژاردنە، كە شانبەشانی نیویۆرك و لەدوای هەر یەكە لە ویلایەتەكانی كالیفۆرنیا و تەكساس بە یەكلاكەرەوەترین ویلایەتەكان دادەنرێن، كە بە هەموویانەوە ٢٧٠ دەنگی هەڵبژاردن لەخۆدەگرن و دەبنەهۆی دیاریكردنی ناوی براوە.

بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، براوەی ویلایەتی فلۆریدا، كە بە ویلایەتی خۆری درەوشاوەش ناوبانگی هەیە، لە ساڵی ١٩٦٤ەوە لە هەموو پێشبڕكێیەكی سەرۆكایەتیدا براوە بووە ئەمەش جۆرێك لە ناروونی هێناوەتەئاراوە.

كاریگەری ویلایەتی فلۆریدا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا زادەی ئەم ساتە نییە، بەڵكو بنەچەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو،

كاریگەری ویلایەتی فلۆریدا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا زادەی ئەم ساتە نییە، بەڵكو بنەچەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو، لە بڵاوكراوەیەكی ماڵپەڕی share.america.gov ئاماژە بەوە كراوە، ناكرێت فلۆریدا لە هەڵبژاردنەكاندا پشتگوێ بخرێت، فلۆریدا ویلایەتێكی گەورەیە و لەنێوان دوو حزبە گەورەكەدا دابەش بووە، گەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، لە ساڵی ٢٠٠٨دا فلۆریدا پاڵپشتی باراك ئۆبامای دیموكراتی كرد، لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەو ویلایەتە پاڵپشتی جۆرج دەبلیو بۆشی كۆماری كرد.

لە ساڵی ٢٠١٦شدا، بردنەوەی ترەمپ لە دەنگەكانی فلۆریدادا، بووە هۆی بردنەوەی لەناكاوی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا