“هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەردۆغان و تاڵیباندا نییە”

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

داواکاری جەماوەری و سیاسی لە تورکیا دژی مانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان زیادیکردووە و داوا دەکرێت تورکیا هەرچی زووە هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە.

لەوبارەیەوە میراڵ ئەکشینار، سەرۆکی پارتی خەیر رایگەیاند، دەیانەوێت سەربازە تورکەکان لە ئەفغانستان بهێڵنەوە، “براکەم ئەفغانستان خۆی ماوە تا سەربازەکانی ئێمە بمێننەوە؟ بوەستن لەم پشێوەییە و بەخێرایی سەربازەکانمان لەو زەلکاوە بکشێننەوە”.

لەلایەکی دیکەوە فایەق ئۆزتراک وتەبێژی فەرمی پارتی کۆماری گەلان هێرشی توندی کردەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و داوای کرد بەزووترین کات هێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە.

هیچ جیاوازییەک لەنێوان بیرکردنەوەی ئەردۆغان و تاڵیباندا نییە

وتیشی: هیچ جیاوازییەک لەنێوان بیرکردنەوەی ئەردۆغان و تاڵیباندا نییە، تەنانەت رەنگە لەگەڵ سەرۆکی تاڵیباندا کۆببێتەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەردۆغان لەڕێی پاکستانەوە لە بزوتنەوەی تاڵیبان نزیکدەبێتەوە، گەر کارێکت لە ئەفغانستان هەیە، لێی بەرپرسیاربە و ئەو پیاوانەت بنێرە کە دەڵێن لەپێناوتا دەمرین!

ئۆزتراک بەرپرسیارێتی ژیانی سەربازانی تورکی خستە ئەستۆی ئەردۆغان و وتی: بۆ جاری کۆتایی ئاگادارت دەکەینەوە، بەرپرسیت لە بچوکترین بەرد کە بەر قاچی سەربازانمان دەکەوێت لە ئەفغانستان.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی گەلان کە یەکێکە لە گەورەترین هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی تورکیا باسی لە مەترسییەکانی تێوەگلانی ئەنقەرە کرد لە پشێوییەکانی ئەفغانستان.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی: وەک نەریتی هەمیشەیی و بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییە ناوخۆییەکانی، ئەردۆغان هەوڵ دەدات بچێتە دەرەوەی تورکیا و دەستوەربداتە کاروباری وڵاتانی دراوسێ، لەدوای دەستوەردانە نەرێنییەکانی و داگیرکارییەکانی بۆسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق و سوریا و لیبیا، ئەمجارە دەیەوێت بەرەو ئەفغانستان هەنگاوبنێت.

وتیشی: رای گشتی و رۆژنامەکان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا هاوڕان لەسەر مەترسی دەستوەردان لە ئەفغانستان، ئەوەتا دەبینین چۆن وڵاتێک بە قەبارەی ئەمریکا و ئەو هەموو توانایەی هەیەتی لە گۆڕەپانی ئەفغانستان کشایەوە، چما وڵاتێکی پڕ لە کێشە بە سیاسەتە شکستخواردووەکانی پارتی داد و گەشەپێدان چۆن دەمێنێتەوە؟

وەک نەریتی هەمیشەیی و بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییە ناوخۆییەکانی، ئەردۆغان هەوڵ دەدات بچێتە دەرەوەی تورکیا

ئەو سەرکردەیە باسی لەوەش کرد، ئەم هەمووە لەجیاتی ئەوەی کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا، کە بینیمان چۆن حکومەتەکەی ئەردۆغان لەبەردەم کارەساتەکانی ئاگرکەوتنەوە و لافاوەکاندا شکستیهێنا، چونکە سەرقاڵە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە و ئەجێندا بەرفراوانەکانی لە دەرەوەی تورکیا بەمەبەستی بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆی لە دەرەوە لەسەر حسابی قەیرانە ناوخۆیییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

رەخنەگرانی تورک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، حکومەتی تورکیا لەکاتێکدا کە ناتوانێت ماڵی ناوخۆیی رێکبخاتەوە لەگەڵ بوونی ئەو هەموو قەیرانە ئابوورییە ئاڵۆزە، دەیەوێت وەک چارەسەرکەرێکی هەرێمیی وێنای خۆی بکات لە دەرەوەی تورکیا.

پێشتریش بزوتنەوەی تاڵیبان چەندین جار هۆشداریدا لەبارەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان بەتایبەت لەدوای کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، ئەم هۆشداریەی تاڵیبان، لەدوای ئەوە هاتەئاراوە کە تورکیا رایگەیاند، لەدوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە کۆتایی ئەم مانگە، پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ دەگرێتەئەستۆ.

رۆژی دووشەممەش لەدوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر کابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا گرت، چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاماژەیان بەوەکرد، تورکیا کشاوەتەوە لە پلانی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا