پۆڵهتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی دامەرزاوەی گواستنەوەی دەریایی وڵاتی مۆزەمبیق رایگەیاندووە، لە رووداوی تێکشکانی بەلەمێکی بێمۆڵەت لە کەناراوەکانی باکووری وڵاتی مۆزەمبیق، لانیکەم 94 کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسیش بێسەروشوێنن.
رۆژی دووشەممە (7-4-2024)، لۆرێنسۆ ماچادۆ، بەرپرسێکی فەرمانگەی گواستنەوەی مۆزەمبیق بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاند، بەلەمێکی بێمۆڵەت کە 130 سەرنشینی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی باکووری مۆزەمبیق تێکشکاوە کە تێیدا 94 کەس خنکاون و 26 کەسیش بێسەروشوێنن.
بە ووتەی سەرچاوەکەی رۆیتەرز، بەلەمەکە تایبەت بووە بە ماسیگرتن و مۆڵەتپێدراو نەبووە بۆ گواستنەوەی سەرنشین، بەڵام لە ناوچەی لونگای پارێزگای نامپولا لە مۆزەمیق سەرنشینی بەرەو دوورگەکانی ئەو وڵاتە لە باکوور هەڵگرتووە و پێش گەیشتنی بە شوێنی مەبەست، بەلەمەکە تێکشکاوە.
جەیمی نێتۆ، پارێزگای نامپولا بە تۆڕی BBC راگەیاندووە، “ئەو سەرنشینانە لە شوێنەکانی خۆیان لە ترسی نەخۆشیی کۆلێرا هەڵهاتوون و ویستوویانە بگوازنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەلەمەکە زیاد لە توانای خۆی هەڵگرتووە، توشی ئەو رووداوە بووە و پێشبینی دەکرێت منداڵی زۆر لە ناو قوربانییەکاندا هەبن”.