نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی 7 هەزار کوژراو لە غەززە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان دەرنەهێندراون

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە “پێدەچێت” زیاتر لە حەوت هەزار فەلەستینی لە ژێر داروپەردووی بیناکانی کەرتی غەززە بن لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی هەینی (5ـی نیسانی 2024)، جێریمی لۆڕێنس، وتەبێژی نووسینگەی کۆمسیاری باڵای UN بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە جنێڤ‌ رایگەیاند، “پێدەچێت زیاتر لە حەوت هەزار فەڵەستینی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکانی غەززەدا گیانیان لەدەستداوە، مابێتنەوە و دەرنەهێندرابن. ئەمە جگە لەو 33 هەزار فەڵەستینییەی کە پێشتر بە فەرمی بە مردوو راگەیەندراون”.

جێریمی لۆرێنس وتیشی: لە کاتێکدا ئێمە لە شەش مانگ لە شەڕ و پێکدادان نزیک دەبینەوە، بە دڵتەنگی و توڕەیی قووڵەوە بیر لە مردن و ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل و غەززە دەکەینەوە؛ زیاتر لە 33 هەزار فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن، و زیاتر لە 75 هەزار بریندار بوون، و پێدەچێت لانیکەم 7 هەزاری دیکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابێتنەوە و تەرمەکانیان دەرنەهێندرابن”.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی قوربانیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ 33 هەزار و 91 کوژرا بەرزبووتەوە، هەروەها باس لە برینداربوونی 75هەزار و 750 کەس دەکات.

182 رۆژە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە؛ ئۆپراسیۆنەکان وێرانکارییەکی گەورە و کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار هاوڵاتیی سڤیل-ی لە هەردوولا لێکەوتووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا