پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەن کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە31ی ئادار، لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەچوو و کاک دلێر سەید مەجید ئامادەی بوو، تاوتوێی دۆخی ئێستای یەکێتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی، هەڵسەنگاندن بۆ رێکخستنەوە و گۆڕانکارییەکانی ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی بەپێی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم کرا و پەرۆشی و هەستی بەپرسیارێتی بەرپرسان و کادرانی یەکێتی لە هەموو رێکخستن و ئۆرگانەکاندا بۆ خۆنوێکردنەوە و باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بەرز نرخێندرا، بەجۆرێک کە ئەو تەبایی و یەکڕیزییەی ئێستای ناو ریزەکانی یەکێتی هەیە، پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت.
لەکۆبوونەوەکەدا، باسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، یەکێتی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ هەڵبژاردن و یەکێتی جەخت لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکاتەوە کە هەم لەلایەن خەڵک و هەم لەلایەن چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە شایەدی لەسەر پاکی و بێگەردییەکەی بدرێت.
لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، هیواشی خواست هەموو لایەنەکان هەستیاری قۆناغەکە و گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگرن و دواکەوتنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە هەرێم دەگەیەنێت.
دواتر، باسی پرسی مووچە کرا و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت بەشێوەیەکی بنەڕەتی.