نرخی نەوت بە ژمارەیەکی پێوانەیی کۆتایی بە بۆرسەکانی هەفتە هێنا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بازاڕی نەوتی جیهانیی لە رۆژی شەممەدا سەرەڕای دابەزینی لە کۆتا ساتەکانی مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا، بە ژمارەیەکی پێوانەییەوە کۆتایی بە هەفتەکەی هێنا.

رۆژی هەینی، (15ـی ئاداری 2024)، سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت، ئەو کاڵا ستراتیژییەی جیهان بەربەستی 85 دۆلاری تێپەڕکرد و بەرزترین ئاستی نرخی لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردووەوە تۆمارکرد.

لە کۆتا ساتەکانی مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا و پێش داخستنی بۆرسەکانی جیهان، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 9 سەنت دابەزی و گەیشتە 85 دۆلار و 35 سەنت.

پێشبینی دەکرێت، نرخی نەوت لە هەفتەی ئایندەدا بە رێژەی %3 بەرزببێتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی ئاستی سووتەمەنی کۆگاکراوی پاڵاوگەکانی ئەمریکا.

شرۆڤەکارانی بواری ووزەی جیهانی، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیان لە هەفتەی رابردوودا بۆ چەند رووداوێکی جیۆسیاسی و ئابووری گەراندووەتەوە؛ گرنگترینیان هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بوو بۆسەر پاڵاوگەکانی کۆمپانیای رۆزنەفتی رووسیا لە هەرێمی رۆستۆڤ و ریازان کە بوونە هۆی داخستنی بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو پاڵاوگەیە.

کەمبوونەوەی ئاستی سووتەمەنی کۆگاکراوی ئەمریکا بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی نەوت لە هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد.

فەرمانگەی زانیاریی ووزەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا 5.7 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و گەیشتووەتە 234 ملیۆن بەرمیل، شرۆڤەکارانی بواری ووزە پێشبینی دەکەن خواستی گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانیی بەرزتر ببێتەوە.

شەڕ و ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەیەکێک لە گرنگترین فاکتەرە جیۆسیاسییەکانی جیهان دادەنرێت لەسەر دیاریکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، رۆژی هەینی، گرووپی چەکداریی حزبوڵڵای لووبنانی هەڕەشەی کردنەوەی بەرەی شەڕی لە ئیسرائیل کرد و لە پەیامێکیدا بۆ ئێران ووتی، “ئەگەر پێویست بکات بەتەنیاش بێت، دژی ئیسرائیل دەجەنگین”.

کاردانەوەکانی جەنگی غەززە تا دێت تووندتر دەبێت، هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر رێڕەوی بازرگانیی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن فراوانتر بووە و کەشتییە بازرگانییەکان بەناچاری چالاکییەکانیان لەو رێڕەوە بازرگانییە گرنگەی جیهان هەڵپەساردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا