“پشتبه‌ستن به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ گره‌وێكی به‌تاڵه‌”

پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، باشترین بژاردە بۆ هەرێم رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا، چونكە گرەوكردن لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەلایەن هەرێمەوە گرەوێكی بەتاڵە، هیچ گرەنتییەك نیە جارێكی دیكە نرخی نەوت دانەبەزێتەوە.

رێبوار كەریم مەحمود، ئەندامی هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “رۆژی دووشەممەی رابردوو كە كۆبوونەوەی پەرلەمان كۆتایی هات بڕیاردرا، ڕۆژی دووشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان تەرخان بكرێت بۆ دوو بابەت، كە بریتین لە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و تەواوكردنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی”.

ئەو پەرلەمانتارە وتی:”ئەگەربێت و هەموو بڕگە و ماددەكانی پرۆژە یاسای بودجە لە یەك رۆژدا پەسەند نەكرێت، هەندێ‌ بڕگە و ماددە دوادەخرێت بۆ رۆژی دواتر، بەتایبەتی ئەو ماددەیەی پەیوەستە بە پشكی كورد لە بودجە، بۆئەوەی لایەنەكان لەسەری بگەنە رێككەوتن، رەنگە ئەمە فشارێكیش بێت لەسەر لایەنە شیعەكان بۆئەوەی دەقێك بهێنن تایبەت بە پشكی كورد بۆئەوەی بیخەنە بەردەستی فراكسیۆنە كوردییەكان تا ئێمەش رای خۆمانی لەبارەوە بخەینەڕوو”.

رونیشیكردەوە، “سێ‌ گریمانە لەبەردەم كورددایە گریمانەیەك بریتیە لە تێپەڕاندنی ئەو دەقەی حكومەت ناردوویەتی، هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان رایان لەسەر ئەم دەقە هەیە، ئێمەش وەكو هاوپەیمانی هیوا بە باشی دەزانین چونكە گرەنتی موچەی فەرمانبەران دەكات بە بێ‌ لێبرین، گریمانەی دووەم ئەوەیە لایەنە شیعەكان دەقێك بهێنن و پێش خستنە دەنگدانی فراكسیۆنە كوردییەكان گفتوگۆی لەبارەوە بكەن، تا ئێستا ئەم دەقەیان نەهێناوە پێدەچێت رۆژی یەكشەممە دەقێك بهێنن، گریمانەیەكی دیكە هەیە كە لاوازە ئەویش ئەوەیە بەهیچ شێوەیەك لە پەرلەماندا باسی پشكی كورد نەكرێت”.

رێبوار كەریم مەحمود باسی لەوەشكرد، باشترین بژاردە بۆ كورد رێككەوتنی هەرێم و بەغدایە، بەهۆی ئەوەی رێككەوتن نەكرێت هەرێم لە داهاتوودا دەكەوێتە بەردەم فشارێكی گەورە، چونكە لایەنە بەهێزە عێراقییەكان دەیانەوێت ئەگەر هەرێم پابەندی دەستوور نەبێت پابەندی بكەن بە دەستوورەوە، هەروەها گرەوكردن لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەلایەن هەرێمەوە گرەوێكی بەتاڵە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا