پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەشی زێدەڕۆیی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی ‘سیاجێکی’ زیادەڕۆی گوندی ئەڵمانی رووخاند کە “لەسەر رێگەی موڵکی خەڵک درووستکراوە و رێگری لە هاوڵاتییان کردووە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە (13-3-2024)، لەسەر سکاڵای هاوڵاتییان بەشی زیادەڕۆیی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی پەرژین (سیاج)ـێکی ناو پرۆژەی گوندی ئەڵمانی رووخاند کە بە ووتەی خاوەن زەوییەکان، “سیاجەکە لەسەر موڵکی خەڵک درووستکراوە و رێگری لە هاتووچۆی هاوڵاتییان دەکات بۆ ناو موڵکەکانی خۆیان”.
عوسمان عارف، لێپرسراوی بەشی لادانی زێدەڕۆیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: پێشتر چوار جار ئەو سیاجە لەلایەن تیمەکانی شارەوانیی سلێمانییەوە رووخێندراوە کە دوایین جاریان 28ـی ئایاری ساڵی رابردوو بووە و درووستکراوەتەوە.
بە ووتەی لێپرسراوی بەشی زێدەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی، “ئەو پەرژینە بەشێوەی نایاسایی و لەسەر موڵکی خەڵک درووستکراوە و لەلایەن تیمەکانی شارەوانیی سلێمانییەوە دەڕوخێندرێت”.
بەشێک لە خاوەن زەوییەکان باس لەوەدەکەن، ئەوان لە ساڵی 2009 پێش درووستکردنی پرۆژەکانی گوندی ئەڵمانی زەوییەکانیان کڕیووە و خاوەنی تاپۆی خۆیانن بەڵام پاش درووستکردنی پرۆژەکان، رێگەی چوونە سەر زەوییەکانیان کە پێشتر لەناو گوندی ئەڵمانییەوە بۆکرابووەوە، لە ئێستادا لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەوە داخراوە و رێگە نادرێت هەڵسوکەوت بە زەوییەکانیانەوە بکەن و خانووی لەسەر درووستبکەن.