33 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد تێپەڕی

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

33ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 5/3/1991، یەکەم چەخماخەی راپەڕین لە رانیەی دەروازەی راپەڕین لێدرا و هاوڵاتییان بە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە، دژی دەسەڵاتی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعسی رووخاو راپەڕین، ڕاپەڕینی ساڵی 1991 بە یەکێک لە رووداوە مێژووییەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دادەنرێت، کە لە کۆتاییدا بە ئازادبوونی پارچەیەک و هاتنە کایەی دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆ لە باشووری کوردستان کۆتایی هات، لەماوەی حکومڕانیی حزبی داپڵۆسێنەری بەعسی رووخاودا، گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە کاتێکی سەخت و دژواردا گوزەری دەکرد، بەو پێیەی هەوڵەکان لەبەرامبەر سڕینەوە و پاکتاوکردنی رەگەزیی گەیشتبوونە لووتکە، رژێمی پێشووی عێراق لەرێگەی شاڵاوەکانی ئەنفال، کیمیاباران، راگواستن، گرتن و ئەشکەنجەدان.

ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991، سەرەتا ڕۆژی 5ی ئادار لەشاری ڕانیەوە دەستیپێکرد و تا ڕۆژی 21ی ئاداری ساڵی  1991 لەدوای ئازادکردنی کەرکوک کۆتایی هات، بەوشێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم هێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاونران.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی 5ی ئاداری 1991، شاری ڕانیە وەک یەکەمین شاری کوردی ڕاپەڕین  تێیدا دەستیپێکرد، خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر یەکە سەربازی و حکومەییەکانی ڕێژمی بەعس و تا عەسر شارەکەیان لە ڕژێمی بەعس پاککردەوە، دواتر لە 6ی ئاداردا ڕاپەڕینی بازیان و دەشتی بتوێن و پشدەر ئەنجام درا.

لەڕۆژی 7ی ئاداری ساڵی 1991، ڕاپەڕین لە سلێمانی ئەنجام درا و جەماوەی شاری سلێمانی سەرایان ئازادکرد، بۆ ڕۆژی دواتر واتە 8ی ئادار ئەمنە سوورەکە و چیای ئەزمەڕ ئازادکران و دەیان پلەدار و پیاوانی رژێم کوژران، هەر لە ڕۆژی 8ی ئاداردا ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ، عەربەت، زەڕایەن، پیرەمەگرون، هەڵەبجەی شەهید، نەسڕ و باریکە دەستیپێکرد و ڕێگای سەرەکی نێوان سلێمانی و کەرکوک کۆنتڕۆڵکران، لەو ڕۆژەدا جەماوەری شاری سلێمانی”شاری هەڵمەت و قوربانی” لە بەیانی زووەوە ڕاپەڕین و ڕاپەڕینێک بەرپابوو، کە تۆڵەی دەیان و سەدان ساڵ چەوساندنەوەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە سەندەوە.

ڕۆژی 9ی ئاداری ساڵی 1991، ڕاپەڕینی جەماوەری شەقڵاوە و کۆیە دەستیپێکرد، ڕۆژی 10ی ئادار، جەماوەی مەسیف، ڕەواندوز، قەرەهەنجیر، ئاغجەلەر، هەریر، خەلیفان، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسوور ڕاپەڕینیان دەستپێکرد و لەچەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن.

جەماوەری شاری هەولێر، لە بەرەبەیانی ڕۆژی 11ی ئاداری ساڵی 1991ەوە ڕژانە سەر شەقام و کۆڵانەکان و بەرەو بارەگاکانی ڕژێم چوون و لەهەمان ڕۆژدا ڕاپەڕین لە سەرجەم کۆمەڵگە و ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر دەستیپێکرد و کەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتوو، قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە، تۆبزاوە، کەورگۆسک، بەحرکە و بەرحوشتر ئازادکران، لە 12ی ئاداردا، ڕاپەڕینی جەلەولا، مەخموور، ئاکرێ، خانەقین و شێخان بەڕێوەچوو لەهەمان ڕۆژدا ئاکرێ، بجیل، سەرچیایەتی، بەردەڕەش، خانەقین ئازادکران.

لەڕۆژی 13ی ئادار، راپەڕین لە زاخۆ، دەوروبەری ڕاپەڕین، کۆمەڵگای هیزاوە، دەرکارعەجەم، دەشتی سلێڤان، چیای بێخێر و ژوێ، دواتریش سنوورەکانی کەرکوک، پردێ، گەرمیان، کەلار، جەبارە و کوڵەجۆ ئەنجامدرا، لەڕۆژی 14ی ئادار، خەڵکی شاری دهۆک ڕاپەڕین و ناوچەکانی زاوێتە، سەرسەنگ، دێرەلوک، شێلادزێ، ئامێدی و بەمەڕنێ ئازادکران، ڕۆژی 15ی ئادار خەڵکی شارۆچکەی سمێل ڕاپەڕین، ڕۆژی 16ی ئادار، سەربەشاخ، قەرەچووخ و مەخمور ئازادکران.

لە ڕۆژی 18ی ئاداری 1991، ڕاپەڕین لە شارۆچکەی پردێ و دەوروبەری ئەنجامدرا، ڕۆژی 20ی ئادار جەماوەی شاری کەرکوک ڕاپەڕین و شارەکەیان ئازادکرد، دواتر لە ڕۆژی 21ی ئاداری 1991، لە کەرکوک ئاگری نەورۆز کرایەوە و شەڕ لە معەسکەر خالید بەردەوام بوو، سوپای عێراق بەهاوکاری هێزەکانی موجاهیدینی خەلق ڕۆژی 27ی ئاداری 1991 کەرکوکی گرتەوە، ڕۆژی 31ی ئاداری 1991 سوپای عێراق هەولێریشی گرتەوە و کۆڕەوی گەورەی کورد دەستیپێکرد.

ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 کۆمەڵێک دەرئەنجامی لێکەوتەوە، گەلی کوردستان بەهۆی ئەم ڕاپەڕینەوە بێدەنگیان بەرامبەر ئەو زوڵم و ستمە شکاند کە بەرامبەریان دەرکرا و دەرکردنی هێزەکانی بەعسی لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و دروستبوونی دەسەڵاتی کوردی لێکەوتەوە، هەروەها لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی 1991، لەڕۆژی 5/4/1991 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پشت بەستن بە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری 688ی دەرکرد و ناوچەی دژە فڕینی لەسەروو هێڵی 36ەوە دانا بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، بەپێی بڕیارەکە هەریەک لە ئەمریکا و بەڕیتانیا دوو هێڵی دژە فڕینیان لە عێراق بۆ پاراستنی کورد و شیعەکان دروستکرد، بۆئەوەی رژێمی بەعس نەتوانێت ببێتە مایەی مەترسی و هێرش بکاتە سەر گەلی کورد، لە ڕۆژی 19ی 5ی 1992دا یەكەم هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، ئەوەش یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی هەرێمی كوردستان بوو دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان دژی ڕژێمی بەعس دواتر لەڕۆژی 19ی ئایاری 1992، یەكەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا