تەرمی ئەلێکسی ناڤالنی بەخاکسپێردرا

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تەرمی ئەلێکسی ناڤالنی، رەخنەگر و سیاسەتمەداریی ئۆپۆزسیۆنی رووسی، لە گۆڕستانێکی نزیک مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، پاش دوو هەفتە لە گیان لەدەستدانی، بەخاکسپێردرا.

ناڤالنی، بە رەخنەگرێکی سەرسەختی ڤیلادمیر پووتنی سەرۆکی رووسیا دادەنراو و ماوەی پێنج ساڵ بوو لە زیندانێکی ئەو وڵاتەدا بە هۆکاری سیاسی بەندکرابوو.
هەرچەندە پێشتر حکومەتی رووسیا هۆشداریی دابوو لەوەی کە نابێت مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەلێکسی ناڤالنی بەشێوەی ئاشکرا و گشتی بەڕێوەبچێت، بەڵام لایەنگرانی ئەو سیاسەتمەدارە کۆچکردووە سەرەڕای بوونی مەترسیی دەستگیرکردن و هەڕەشە و راوەدوونانیان لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە، بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.

مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی لەژێر چاودێری ئەمنیی توندوتۆڵی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا بەڕێوەچوو؛ چونکە مەترسیی هەڵگەڕانەوە و پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی ناڤالنی و دەسەڵاتی کرێملن لەئارادابوو.
لەوکاتەی تەرمەکەی بەرەو گۆڕستان بەڕێدەکرا، ئامادەبووان درووشمی “رووسیای بێ پووتن” و “رووسیا ئازاد دەبێت” یان دەگوتەوە.


دیمتری پێسکۆڤ، ووتەبێژی کرێملین دەرباری مردنی ئەلێکسی رایگەیاند، “کرێملین هیچ قسەیەکی نییە بۆ ووتن” و رەتیکردنەوە ناوبراو بە کەسایەتییەکی سیاسیی لەقەڵەم بدات.
پێسکۆڤ جەختی لەوەکردەوە کە هەر کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەبێ بوونی مۆڵەت سەرپێچی یاساکانە و ئەو کەسانەی بەشداریی تێدا دەکەن “بەرپرسیار دەبن بەرامبەر یاسا”.
ناڤالنی، سەرکردەی پارتێکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا بوو بەناوی FBK و سەرۆکایەتیی چەندین خۆپشاندانی شەقامی رووسیای کرد دژی دەسەڵاتی ڤیلادیمیر پووتن لەنێوان ساڵانی 2011 بۆ 2013، سەرەنجام لە ساڵی 2013 و لە بەشداریکردنیدا لە هەڵبژاردنی شارەوانیی مۆسکۆ، توانی رێژەی %27ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

ئەلێکسی ناڤالنی بە رەخنەگرێکی سەرسەختی پووتن دادەنرا و زۆرجار سەرۆکی رووسیای بە “شێت” ناوبردووە، هەروەها دەیوت “زۆربەی ئەو پیاوانەی لە کۆشکی کریملین کاردەکەن، گەندەڵ و دزن”.

ئەلێکسی ناڤانلی لە ساڵی 2020 پاش ئەوەی چەند نیشانەیەکی مەترسیدار لە جەستەیدا دەردەکەوێت و گوومان دەکرێت ژەهرخوارد کرابێت، بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەچێت بۆ ئەڵمانیا و لەکاتی گەڕانەوەیدا، بەتۆمەتی سەرپێچیکردن و پشتگوێخستنی یاساکانی ئازادکردنی بە کەفەلەت، دەستگیردەکرێت و لە دادگا چەندین تۆمەتی بەسەردا ساخدەکرێتەوە کە کۆی گشتیی سزاکان دەگاتە نزیکەی 30 ساڵ زیندانیکردن.

رۆژی 16ـی شووباتی ئەمساڵ بەشێوەیەکی کتوپڕ هەواڵی گیان لەدەستدانی لەلایەن بەڕێوەبەرانیی ئەو زیندانەی تێیدا بەندکرابوو، بڵاوکرایەوە.

هۆکاری مردنەکە تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەشی خزمەتگوزاری زیندانییەکە ئاشکرایکردووە، کە ناڤالنی ماوەیەک بەر لە ئێستا بەدەست نەخۆشیی بەخۆراکی و چەند گرفتێکی دیکەی تەندرووستییەوە ناڵاندوویەتی، ئەمەش بەهۆی مامەڵەی خراپ لەگەڵیدا لە زیندانەکە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا