من خوێنم لەبەر دەڕۆیشت كەچی ئەوان پێدەكەنین

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
توركیا لەماوەی جەهەنەمی شەڕی ناوخۆی سوریادا، بووە یەكێك لە دیارترین ئەو وڵاتانەی لەڕێی سنووری هاوبەشەوە سورییەكان پەنایان بۆی دەبرد.

بەڵام لەتشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥، توركیا سنوورەكانی لەبەرانبەر ئەو سوریانەدا داخست، كە لەشەڕ رایان دەكرد، ئەوەش بووە هۆی خراپبوونی دۆخی گوزەران و خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە زۆر رووی جیاوازەوە.

لە ئازاری ساڵی ٢٠١٦، یەكێتی ئەوروپا و توركیا رێككەوتنێكیان لەبارەی پەنابەرانەوە واژووكرد، تێیدا ئەنقەرە رێگری لەپەنابەران دەكات لە خاكی وڵاتەكەیەوە بەرەو یۆنان بچن، یەكێتی ئەوروپاش بڕی شەش ملیار یۆرۆی بۆ توركیا تەرخان كردووە هەتا دۆخی پەنابەرانی سوریا باشتر بكات.

بەپێی راپۆرتێك، كە رۆژی ٣ی ئەیلول لە ناوەندی بەڵگەی توندوتیژییەكان لە باكووری سوریا بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو سورییانەی بەتەقەی سەربازانی توركیا كوژراون لەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٥٢ كەس، لەناویاندا ٨٥ منداڵ و ٥٨ ژن بوونی هەیە، هاوكات، ژمارەی ئەو كەسانەی بەو هێرشانە بریندار بوون گەیشتووەتە ٤٤٠ پەنابەر، كە لەشەڕی ناوخۆی سوریا بەرەو توركیا هەڵهاتوون.

 

ژمارەی ئەو سورییانەی بەتەقەی سەربازانی توركیا كوژراون لەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٥٢ كەس

 

هەندێك لەو پەنابەرە سورییانە، توركیا وەك رێگایەك بەكاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، بەڵام زۆرینەیان لەتوركیادا دەگیرسێنەوە و لەوێ كاردەكەن و ژیان دەگوزەرێنن.

هەروەها رێكخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتی نیوەی ساڵی لەبارەی سوریاوە بڵاوكردەوە، تێیدا چەندین كاری توندوتیژی دژ بە سورییەكان و مافی مرۆڤ لەلایەن توركیا و گروپە چەكدارییەكانی سەر بەو وڵاتە وەك بەڵگە تۆماركراوە.

لەو بارەیەشەوە، ئەمین محەمەد ٢٣ ساڵ، كە خەڵكی حەلەبی باشوورە باسی لەوەكرد، بەر لە ساڵێك بەتەقەیەكی قەناسی توركیا پێكراوە، دەشڵێت: لەدوای ئەوەی سوپای سوریا دەستیان بەسەر گوندەكەماندا گرت، لەگەڵ خێزانەكەم ژیانمان گواستەوە بۆ ناوچەی دێرحەسەن لە نزیكی سنوری توركیا لە دەوروبەری ئیدلیب، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە دوورتر بوو لە بۆردومانەكانی سوپای رێكخراوی سوریا.

 

ئەركی خێزانەكەم لەسەر شانی من بوو، ئێمە خاوەنی هیچ زەوی و زارێك نەبووین تا لەسەری بژین

 

ئەمین لە درێژەدا وتی: ئەركی خێزانەكەم لەسەر شانی من بوو، ئێمە خاوەنی هیچ زەوی و زارێك نەبووین تا لەسەری بژین، بۆیە بڕیارمدا بچمە توركیا و لەوێ كار بكەم تا یارمەتی خێزانەكەم بدەم، بەڵام كاتێك گەیشتمە ناوچەی سنووری نێوان سوریا و توركیا و هەوڵمدا تێپەڕببم، لەڕێی تەقەی سەربازانی ئەو وڵاتە پێكرام، تەقەكە ئاراستەی سنگم كرا، بەڵام نەچووە ناوەوە، هەر بەو خوێنەوە بەپێ گەڕامەوە بۆ زەوییەكانی سوریا و خوێنم لێ دەڕۆیشت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمین كۆڵی نەدا و دوای چەندین هەوڵی دیكە توانی بەرەو توركیا بڕوات و لەوێ جێگیر ببێت.

لەلایەكی دیكەوە، خالید ئەحمەدی ٤١ ساڵ دەڵێت: كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ چەند گەنجێكی سوری هەوڵماندا بگەینە توركیا، بەڵام بەر لەوەی بگەین رووبەڕووی لێدانی پاسەوانی سەر سنوری توركیا بووینەوە.

وتیشی: زۆریان لە روخسار و جەستەمان دا، گریاین و لێیان پاڕاینەوە لەگەڵ ئەوەی توركیشمان نەدەزانی، من خوێنم لەبەر دەڕۆیشت و كەچی ئەوان پێدەكەنین، لەدوای چەندین سوكایەتی پێكردن ئێمەیان ناردەوە بۆ سوریا.

حسامەدین دەرویش توێژەری سوریا لە زانكۆی لایبزیچ لەئەڵمانیا دەڵێت: توركیا لەدوای ئەوە سنوورەكانی لەگەڵ سوریا داخست، كە دركی بەوەكرد بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئەوەدایە بوەستێت لە پێشوازی كردن لە پەنابەرانی سوریا، ئەوەش لەماوەی دانوستانەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا روویدا.

لەو بارەیەشەوە، ئەحمەد فیلی ئۆغلۆ رۆژنامەوانی تایبەت بەكاروباری توركیا باس لەوە دەكات، مامەڵەی ئاسایشی توركیا لەگەڵ سورییەكان لەسەر سنوور، هاوتایە لەگەڵ مامەڵەكردنی لەگەڵ پەنابەرانی سنوورەكانی ئێران و عێراق و یۆنان، ئامانجیش لەو شێوازە مامەڵەیە بەرگرتنە لە هەر تێپەڕبوونێكی نایاسایی بە وڵاتەكەدا.

هەروەها دەشڵێت: ناكرێت و لۆجیكی نییە دەوڵەتێكی وەك توركیا، كە زیاتر لە سێ ملیۆن سوری لەخۆگرتووە بە كاری كوشتن و ئەشكەنجەدان بەرانبەر پەنابەران تۆمەتبار بكرێت.

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لەمیانی راپۆرتەكەدا، چەندین جار رەخنەی لە مامەڵەی هێزەكانی پاسەوانانی سەر سنووری توركیا دژی پەنابەرانی سوریا گرت.

 

هێشتا دەیان سوری رۆژانە دەیانەوێت بەڕێی نایاسایی سنوورەكان تێبپەڕێنن

 

بەپێی نوێترین ئامارەكانی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، لە ئێستادا توركیا میوانداری نزیكەی سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەری سوری دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەستدرێژی رێكخراو دەكاتە سەر ئەو سورییانەی دەیانەوێت لەڕێی نایاساییەوە پەنا بۆ وڵاتەكە ببەن.

لەگەڵ توندكردنەوەی سنورەكانی توركیا لەگەڵ سوریا، هێشتا دەیان سوری رۆژانە دەیانەوێت بەڕێی نایاسایی سنوورەكان تێبپەڕێنن بەرەو ئەو وڵاتە، هەندێكیان لەلایەن پاسەوانی سەر سنووری توركیاوە دەستگیر دەكرێن و زۆرینەیان رووبەڕووی لێدان و كوشتن و هەندێك جاریش زیندانیكردن دەبنەوە.

سەرچاوە: الحرە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا