جەبار یاوەر زانیاری لەبارەی چەند پرسێکی سەربازی دەخاتەڕوو

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جەبار یاوەر، شارەزا و پسپۆڕ لە کاروباری سەربازی، زانیاری لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ عێراق و هەرێم و چەند پرسێکی سەربازی دیکە دەخاتەڕوو.

ئەمڕۆ شەممە10ی شوبات، جەبار یاوەر، شارەزا و پسپۆڕ لە کاروباری سەربازی لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ پۆڵەتیک پرێس ڕایگەیاند،” هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق هەلومەرج و ئاسایشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات، تەنها عێراق نا بەگشتی هەلومەرجی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر دەکات وەک عێراق، سوریا، لوبنان، فەڵەستین، ناوچەکانی کەنداو و دەریای سوور هەمووی لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزدایە”.

ئاماژەی بەوەکرد،  بێگومان ئەم بە ئامانجگرتنەی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەلایەن هەندێک گروپەوە کە ناویان لەخۆیان ناوە مقاوەمەی ئیسلامی و بەپێچەوانەشەوە، بەتایبەتی ئەم ڕووداوەی دوای کە لەناوجەرگەی شاری بەغدا بوو هەلومەرجەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و چەندین بەیاننامە دەرچوو لە عێراق لەلایەن لیوا یەحیا ڕەسول، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق.

باسی لەوەشکرد، بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێک ئەنجام بدات، کە 180 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و بەپەلە دەرکرتنی هێزەکانی هاوپەیمانان  دەکەن، هەموو ئەمانە هەلومەرجی ئەمنی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکەن، ئەم بەئامنجگرتنە بۆخۆی ناکۆکییەکی گەورەیە لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر زەوی عێراق، سوریا و لوبنان.

ڕوونیکردەوە، لەکاتی شەڕی داعش هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ دژی داعش دروستبوو نزیکەی 72 دەوڵەت ئەندام بوون، بەشێکی زۆریان هاتن بۆ عێراق و لەڕووی ئاسمان، هەواڵگری، تۆپخانە، چەک و شەڕ لەسەر زەوی پشتیوانییەکی زۆری عێراقیان کرد، بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە کاتییە و هەتاهەتایی نییە، بۆیە لەئێستادا عێراق دەڵێت من پێویستم پێی نییە، لە ڕاستیشدا ئێستا هاوپەیمانێتییەکە گۆڕاوە بۆ شەڕ و لەیەکتری دەدەن.

جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند ئێمە داواکارنین ئەمریکا بچێتە دەرەوە و پێمان باشە بمێنێتەوە، بەڵام ئێمە هەرێمێکین لە دەوڵەتێکدا بەپێی دەستوور ناتوانین داوای هێزی دەرەکی بکەین یان ڕێککەوتنی سەربازی و ئەمنی بکەین، عێراق دەتوانێت بیکات، لەبارەی مەترسییەکان ڕۆشتنی هێزەکان لەسەر هەرێم دەڵێت، لەبەرئەوەی تائێستا داعش ماوە، باردۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە، کورد واهەستدەکات ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە بمێنێت ئەوا بوونی ئەوان لە هەرێمی کوردستان دڵنیای دەدات بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکە.

سەبارەت بە سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ عێراق و هەرێم ڕایگەیاند، ئەمە یەکەمین شاندی تورکیا نییە سەردانی عێراق بکات، سەردانەکانیان بۆ عێراق چڕبووەتەوە، مەبەستی سەرەکی سەردانی هەموو لێپرسراوی باڵای دامودەزگای سەربازی تورکیا بۆ عێراق پەکەکەیە، چونکە زیاتر لە 40 ساڵە تورکیا شەڕی لەگەڵ پەکەکە هەیە و لەو باوەڕەدایە ئەگەر بەتەنها و یەک لایەنە ئەو شەڕە بکات ناگاتە ئامانج، داوایان ئەوەیەلەسەر زەوی هاوکاری بکەن بۆئەوەی بتوانن ئۆپەراسیۆنێک دابمەزرێنن و لەگەڵ عێراق بەهەرێمی کوردستانەوە ئەو شەڕە بکەن و دەڵێن بەهار ئۆپەراسیۆنی گەورە دەکەن و تەنانەت تا قەندیل و شنگال دەڕۆن، بێگومان ئەمە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە چونکە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا نییە بۆئەوەی بێنە خاکی عێراقەوە.

هاوکات، وەک بۆچۆنی تایبەتی خۆی ئاشکرایکرد، لەوباوەڕەدا نییە عێراق بچێتە ژێر باری ئەوەی سوپای عێراق و تورکیا هەماهەنگ بێت شەڕ بەیەکەوە دژی پەکەکە بکەن و جەختیکردەوە، عێراق دەڵێت من هەوڵ دەدەم سنوورەکانی خۆم توندوتۆڵ بکەم بەهۆی پاسەوانی سنوور و نەهێڵم هیچ کەسێک لەمدیو سنوورەوە هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا بکات، هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە ناچێتە شەڕێکەوە کە هیچ سوودێکی ئەوی تیانییە، بەڵام لەڕوویەکی دیکەوە چۆن تورکیا پەلاماری خاکی کوردستان و عێراق دەدات و بەردەوام ئۆپەراسیۆن دەکات، کە ئەمە پێشێلکردنی یاسا و سەروەرییە، بێگومان ناکرێت هێزێکی چەکداری گەورە لە سنووری ئێمەوە پەلاماری تورکیا بدات یاسا رێگا بەوە نادات.

جەختیکردەوە، ئێمە لەگەڵ بەردەوامی شەڕ نین، ئێمە دەمانەوێت کێشەی پەکەکە و کورد و تورکیا بەئاشتی چارەسەر بێت، سەۆک مام جەلالیش کاتی خۆی هەوڵی دا ئەو کێشەیە بە ئاشتیانە چارەسەر بێت، ئێستا سەردەمی خەباتی پەرلەمانی، گفتوگۆ و دیبلۆماسیە کە زیاتر لە 40 ساڵە بە شەڕ کەسیان نەگەیشتوونەتە ئامانج دەبێت بگەنە ئەو باوەڕەی بە ئاشتیانە ئەم کێشەیە چارەسەر بێت.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا