پارتی  لە سنووری پارێزگای نەینەوا نایەوێت هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی بكات

پۆڵەتیك پرێس

بەرپرسانی یەكێتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنن، تا ئێستا لەگەڵ پارتی لەسەر ئاستی سنوری موسڵ هیچ هەماهەنگییەكیان نییە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا پێكەوە بەشداری بكەن.

غەیاس سورچی بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، تا ئێستا هیچ كۆبوونەوە و گفتوگۆیەك لە نێوان ئەوان و پارتیدا نییە بۆ هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، هۆكارەكەشی بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، چونكە هەمووجارێك لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوان دەنگی زیاتریان هێناوە لە یەكێتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویست بوو پارتی دەستپێشخەری بكەن بۆئەوەی هەماهەنگی لە نێوانیاندا دروست ببێت.

وتیشی، ” لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەمیشە لە هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی دوو كورسی و پارتی پێنج كورسی هێناوە، بەڵام ئەگەر هەماهەنگی یەكتر نەكەین بێگومان هەردوولا زەرەرمەند دەبین بەو پێیەی هەڵبژاردنەكە بازنە بازنەیە، دەبێت هەماهەنگییەكە بەوجۆرەبێت لەو بازنانەی دەنگدەری پارتی زۆرە دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بدەن، وە لەو بازنانەی دەنگدەری یەكێتی زۆرە دەنگ بە كاندیدی پارتی بدەن”.

پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو كە لە ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم حزب و لایەنە كوردییەكان بەیەك لیس بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن تاوەكو دەنگی كورد لەو ناوچانە نەفەوتێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا