عێراق ئامادەکاری بۆ گورزێکی تووندی ئەمریکا دەکات لە وەڵامی هێرشەکەی ئوردن

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینی دەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا بارەگاکانی حەشدی شەعبی بکاتە ئامانج وەک بەشێک لە کرداری بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سەر سوپای وڵاتەکەی لە ئوردن.

کەریم محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاندوووە، “لایەنی ئەمریکی هەمیشە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت تا مەرامە دووژمنکارییەکانی خۆی لەسەر عێراق جێبەجێبکات، ئەویش لەرێگەی بە ئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و سەرکردەکانی”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی بەرگری و ئاسایش وتیشی، “بەپێی چاوەڕوانی و لێدوانەکانی ئەمریکا، واشنتۆن بە نیازە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق دووبارە بکاتەوە، و دەیەوێتبە بیانوو و پاساوی بێ بنەما و تۆمەتی هەڵبەستراو بارەگاکانی حەشد یان سەرکردەکانی بکاتە ئامانج ئەم کارە ئەگەر دووبارە بکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی دەبێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی گشتیی عێراق دادەنێت”.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دوێنێ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هێرشەی لە ئوردن کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا، “مۆرکی حزبووڵای عێراقی” هەڵگرتووە و سێ سەربازی سوپای ئەمریکا لە هێرشەکەدا کوژراون. هەروەها، سابرینا سینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرشەکان ووتی، “بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و ئەوەش لە ئێستادا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکادا تاوتوێ دەکات”.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە قسەیکرد و ووتی، “ئەمریکا لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی خۆی دەبێت”.

زۆربوونی گوشارەکانی سەر ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکای ناچارکردووە بەوەی کە وەڵامی هێرشەکانی ئەمجارە “بە قورسی” بداتەوە، بەشێکی زۆری سیناتۆرەکانی پارتی کۆمارییەکان رەخنەی ئەوە لە سەرۆکی ئەمریکا دەگرن کە ناتوانێت وەڵامێکی توند و دەستبەجێی لەبارەی هێرشەکانەوە هەبێت، بەپێچەوانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.

کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری سەرچاوەیەکى وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاویکردەوەتەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وەك وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی لە سنوری ئوردن کرایە سەر سەربازگەیەکی ئەمریکا و بوە هۆی کوژرانی سێ سەرباز، وەڵامەکەی بەشێوەیەک دەبێت کە “گرنگترین بڕیار”ی ماوەی سەرۆکایەتیەکەیەتیەکەی دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا ئەمریکییەکان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان، شەش فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیاوە بەرەو ئەوروپا گواستراونەتەوە و لەوێشەوە راستەوخۆ بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەون، هەر بۆیە شارەزایان و چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، گورزی ئەمجارەی ئەمریکا لەرێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بێت.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا