دەوامی خوێندنگەكان راگیرا

پۆڵەتیك پرێس

لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاریدا بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تاوەكو 25ی ئازار دەوامی خوێندنگەكان رابگیرێت.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە رۆژی 11ی ئازارەوە تاوەكو 25ی ئازار پشووی خوێندن بێت و تەنها پۆلی 12ی نەبێت كە هاوشێوەی دەوامی پێشویان بەردەوام دەبن لە خوێندن.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی پەروەردە رونكردنەوەی زیاتر لە بارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاتی تاقیكردنەوەكانەوە دەدەن.

وتیشی، “دۆخی ئێستا مەترسیدارەو رەچاوی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان دەكەنەوە، بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی خۆپارێزی دەكەینەوە”.

لە بارەی هاتنی دانیشتوانی باشورو ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ هەرێم رایگەیاند، پێویستە پشكنینی كۆرۆنایان بۆ بكرێت و تیمی تەندروستی لە بازگەكاندا دەبن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەر لە نەورۆز كۆبونەوەیەكی دیكە دەكەن و ئەگەر پێویست بوو ئەوا بۆ رۆژانی نەورۆز قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنن، بەڵام لە ئێستادا هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی قەدەغە رابگەیەنن.

لە بارەی دابەشكردنی موچەشەوە كە دەنگۆیەك هەبوو پێش جەژنی نەورۆز دابەش بكرێت، جوتیار عادل رایگەیاند، حكومەت بڕیاریداوە 25 هەموو مانگێك موچە دابەشبكات، “بۆ دیاریكردنی رێژەی لێبڕینش دەكەوێتەوە سەر رێژەی داهاتی حكومەت و ئەو پلانەی وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی موچە دەیگرێتەبەر”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا