لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازەکەیدا ئەمریکا بەنیازی چییە و وەڵامی چی دەبێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کاردانەوەکانی بەرپرسانی ئەمریکا دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەو وڵاتەو و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەیان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، درێژەی هەیەو بەشێک لە کۆمارییەکانی ئەمریکا داوا دەکەن دەست بەجێ لە تۆڵەی کوژرانی ئەو سێ سەربازەدا وڵاتەکەیان هێرش بکاتە سەر ئێران.

کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە ئوردن لە ناوخۆی ئەمریکادا زیاتر و تووندتر دەبن، ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی کۆمارییەکان داوا لە جۆ بایدن، سەرۆک و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان دەکەن هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان ئێستا لە ئێران بدەن، بە تووندی لێی بدەن

لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان لە نووسینێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوا لە جۆ بایدن دەکات هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.

لیندزی گراهام لە نووسینەکەدا دەڵێت، ئێستا لە ئێران بدەن، بە تووندی لێی بدەن.

هاوکات، جۆن کۆرنین، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس لە نووسینێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێک ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئێران بکەنە ئامانج.

تۆم کۆتن، سیناتۆری کۆمارییەکان لە پشکی ویلایەتی ئەرکەنساس پەیامێکی درێژی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردوەتەوە و رەخنە لە جۆ بایدن دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە کاردانەوەکانی بەرامبەر ئێران و هێزە نزیکەکانی لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی رابردوودا لاواز بوون.

ئەو سیناتۆرە دەڵێت، جۆ بایدن چەندین ساڵە ئێران بەهێز دەکات، ئەوەش بە قبووڵکردنی هێرشەکان بۆسەر سەربازانمان. بایدن بە پێدانی ملیاران دۆلار، بەرتیل دەداتە ئایەتوڵڵاکان.

تۆم کەتن هەروەها دەڵێت، بەداخەوە چەند مانگێکە پێشبینی ئەوەم کردبوو هێرشێکی وەها روودەدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئەو هێرشە رووی نەدەدا

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی سەرۆکایەتیی داهاتوو، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاویکردەوە، کوژرانی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا لە ئەنجامی خۆبەدەستەوەدان و لاوازیی بایدنەوەیە. ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئەو هێرشە رووی نەدەدا.

دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاند، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدندا ئێران ملیاران دۆلاری لە ئەمریکا وەرگرتووە و لە بڵاوکردنەوەی کوشتار و خوێنڕێژییدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاریهێناوە و وتیشی، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، نە ئەو هێرشە، نە شەڕی ئۆکرانیا و نە شەڕی غەززە رووینەدەدا.

ترەمپ هەروەها هۆشداریدا کە جیهان خەریکە پێدەنێتە نێو جەنگی جیهانیی سێیەم.

کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن، سەرۆک و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بژارانە دەکات کە خراونەتە بەردەمی وەک وەڵامێک بۆ هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن.

رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئێمە دەزانین ئێران چەک و زانیاری بۆ گرووپە نزیکەکانی دابین دەکات. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانمان، کەتائیبی حیزبوڵڵا لەپشت هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەوە بووە.

لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە، جۆن کێربی باسی لەوەکرد، هیچ گومان لەوەدا نییە وەڵاممان دەبێت، بەڵام وەڵامەکە لە کاتێکدا دەبێت خۆمان بە گونجاوی بزانین.

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، خەڵکی ئەمریکا لە بەردەوامی ئەو هێرشانە نیگەرانن دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا، دەبێت هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان بنێین.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا