پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شەوی رابردوو بە ژمارەیەک کاتیۆشا هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆی هێرشەکەوە، کارەبای نیشتیمانی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان پچڕا.
پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس رایگەیاند، شەوی پێنجشەممە کاتژمێر 10:22 خولەک، ژمارەیەک کاتیۆشا لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر کەوتە خوارەوە و یەکێک لە مووشەکەکان بەر کۆگایەکی ئەمبارکردنی گازی کێڵگەکە کەوتووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.
پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس ووتیشی، کارمەندانی بەرگری شارستانیی کێڵگەی گازی کۆرمۆر توانیوویانە بە ماوەی کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی زەرەر و زیانەکانی هێرشەکەوە رایگەیاند، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا، بەمەش کارەبای نیشتیمانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پچڕا.
وەزارەتی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو، پاش کۆنتڕۆڵکردن و چاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە زیانیان پێگەیشتووە دەتوانن گازی سروشتی هەناردەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستپێبکەنەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لەبارەی هێرشەکەوە، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاند: “سەرکۆنەی ئەو هێرشەی دوێنیی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هێرشەکە بووە هۆی تێکدانی ژێرخان و پچڕانی وزەی کارەبا لە ملیۆنەها کەس لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا.”
لە ساڵی 2024، ئەمە یەکەمین هێرشە دەکرێتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و پێشتر لە ساڵی 2023 دا چەندین هێرشی هاوشێوە کرایە سەر کێڵگەکە، شایەنی باسە بە هەوڵی هێزە ئەمنییەکان، دژە تیرۆر و کۆماندۆ تواندرا لەو ساڵەدا بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکرێت کە سەکۆی مووشەکی بە ئاراستەی کێڵگەکە لێ جێگیرکرابوو.