ئیسرائیل درێژەکێشانی جەنگی لە ساڵی نوێدا راگەیاند

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی ساڵی نوێوە بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەنیاز نین جەنگ راوەستێنن و پێشبینی دەکەن شەڕ و ململانێکانی کەرتی غەززە لە ساڵی نوێشدا بەردەوام بێت.

دانیاڵ هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا کە بۆ یەکێک لە تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی قسەیکرد وتی، “دابەشکاری ژمارەی سەربازەکان لەبەرەکانی جەنگ لەسەر بنەمای جەنگێکی دوورمەودا دارێژراوە و پێشبینی دەکەم لە ساڵی نوێشدا شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوام بێت”.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکراکرد، “کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سوپادا کراوە لەوانە گێڕانەوەی سەربازە یەدەگەکان بەمەبەستی خۆکۆکردنەوەیان و ئامادەکردنیان بۆ هێرش و ئۆپراسیۆنەکانی داهاتوو”، هەروەها جەختی کردەوە “لەوەی کە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەیە کە شەڕ لە ساڵی نوێشدا بەردەوام بێت”.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی کەتیبەی ئەلقەسام کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسن لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد و زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامیی هەیە.
ئیسرائیل بەبیانووی هێرشەکای بزووتنەوەی حەماس لەو رۆژەدا و کوشتنی 1400 هاوڵاتیی ئیسرائیلی و بەدیل گرتنی 240 کەسی دیکە لەلایەن حەماسەوە، ئۆپراسیۆنی ‘شمشێری ئاسنین’ـی لەدژی فەڵەستین راگەیاند.

بەگوێرەی دواین داتاکان کە وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا لانیکەم 21 هەزار و 978 کەس کوژراون و 56 هەزار و 697 کەسیش بریندار بوون کە بەپێی زانیارییەکانی تەندرووستی فەڵەستین، زۆرینەیان ژن و منداڵن.

هەر بەگوێرەی داتاکانی تەندرووستیی فەڵەستین، تەنها لە 24 کاتژمێری رابردوودا 156 کەس کوژراوە و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا