حزبەكانی هەرێم لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانەوە نەگەشتونەتە رێككەوتن

پۆڵەتیك پرێس

لەپێناو راگرتنی هەوڵەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، پارتی دیموكرات چەند رۆژێكە دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی بەرەیەك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان‌ و عێراق دروستبكات، بەپێی زانیاریەكانی پۆڵەتیك پرێس گۆڕان بەو داوایە رازی بووە، بەڵام یەكێتی تائیستا خۆی یەكلانەكردوەتەوە.

 

هەفتەی رابردو پارتی شاندێكی ناردە بەغداو لەگەڵ چەند لایەنێكی عێراقی كۆبووەوە، رۆژی 12ی ئەم مانگەش شاندی خۆی ناردە سلێمانی‌و بەجیا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی كۆبووەوە و بەپێی زانیاریەكانیش پارتی لە كۆبونەوەكاندا داوای یەكهەڵوێستی بۆ رەتكردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە.

پارتی لە كۆبونەوەكاندا داوای یەكهەڵوێستی بۆ رەتكردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە.

هەرێم كەمال ئاغا، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەك فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان دەنگمان بە یاساكە نەدا، “پێمانوایە كۆی یاساكە لەم قۆناغە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و كۆمەڵایەتی عێراق ناكات بەو هۆیەوە هەر لەسەرەتاوە رەتمانكردەوە”.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆربەی كوتلە سیاسییەكان نە لەگەڵ ئەوەدان كە هەر قەزایەك كە دەستور دیاریكردووە بۆ 100 هەزار كەس و نوێنەرێك هەلبژێردرێت، نە لەگەڵ فرە بازنەی هەڵبژاردندان، بەڵكو جۆرە كۆدەنگییەك هەبوو لەسەر نیمچە بازنەیی واتە لەسەر ئاستی پارێزگا نوێنەر هەڵبژێردرێت، بەڵام باشترین رێگە لەبەردەم یاساكەدا رێككەوتنی فراكسیۆنەكانە ئەگەر وانەبێت رەنگە هەمواری كۆی یاساكە رەتبكرێتەوە.

 

ماوەیەكە پەرلەمانی عێراق دەستی بە هەوڵەكانی كردووە، بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات، كە ماددەی 15ی هەڵبژاردنەكە كێشەی لەسەرەو تایبەتە بە سیستەمی بازنەی هەڵبژاردنەكان.

ئێستا بەشێك لەلایەنەكان پێیانوایە دەبێت سیستەمی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت‌و چەند لایەنێكی تریش دەیانەوێت بەهەمانشێووە بازنەكان لەسەر بنەمای پارێزگاكان دابەشبكرێت.

لەبارەی هەڵوێستی یەكێتیش بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكان بە سیستمی فرە بازنەیی یان یەك بازنەی رزگار حاجی حەمە ئەندامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیژنەی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بۆ هەر یاسایەك كە لە خزمەتی میللەت و ناوچە كوردستانیەكان و هەرێم بێت، ئەوان داوای كۆدەنگی و یەكڕیزی پارت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی بەیەكەوە هاوهەڵوێست بن.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵدەدەن دۆستایەتی و رێككەوتن لەگەڵ لاینە سیاسییە عێراقیەكانیش بكەن بەمەبەستی ئەوەی یاساكە زیاتر لە خزمەتی دیموكراسیەت و هەڵبژرادنێكی پاك و بێگەرد بێت.

لەبارەی هەڵوێستی یەكێتیشەوە رایگەیاند، دوای سەردانی شاندی پارتی ئەوان پرۆژەیەكی پێشنیاركراویان خستووەتە بەردەست شاندەكە و چاوەڕوانی وەڵامن كە ئایا بەكام رێگا و پرۆژە كار بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكە بكەن.

 

بەشێك لەلایەنەكان پێیانوایە دەبێت سیستەمی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت‌، چەند لایەنێكی تریش دەیانەوێت بەهەمانشێوە بازنەكان لەسەر بنەمای پارێزگاكان دابەشبكرێت

لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمیش زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكان هاوڕان نین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت بەكام سیستم بەڕێوە بچێت، چونكە بەشێك لە حزبەكان دوا دەكەن هەڵبژاردنەكە بەشێوەی یەك بازنەیی و هەندێكی دیكەش دەیانەوێت بەشێوەی فرە بازنەیی بێت، هاوكات بەشێكی دیكەیان خواستیان ئەوەیە هاوشێوەی یاساكە هەموارنەكرێتەوەو بەشێوەی نیمچە بازنەیی بمێنێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا