یەكێتی شاسوار عەبدولواحد بەدرۆ دەخاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەنتەری هەڵبژاردنی كەركوك- سەڵاحەدینی یەكێتی وەڵامی شاسوار عەبدولواحید- سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە و زانیاری و قسەكانی بە ناڕاست ناودەبات.

سەنتەری هەڵبژاردنی كەركوك- سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، “لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و بە مەبەستی پەردەپۆشكردنی ئەو شكستە گەورەیەی كە حزبەكەی لە كەركوك و دەوروبەری هێنای، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە زیاتر وەك بێژەری كەناڵەكەی و كەسێكی شكستخواردوو دەردەكەوت، بەبێ هیچ زانیاری و داتایەكی بەردەست، بە پێخواسی و دوور لە زانیاری كەوتبووە نێو بابەتی هەڵبژاردن و بە ئارەزووی خۆی ژمارەی لێدەدا.”

هەروەها راشیانگەیاندووە، “قسەكانی شاسوار سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەوەندە بازاڕی و نازانستی بوون ئێمەی ناچاركرد كە بە داتاو ژمارە و بەڵگەی زیندوو وەڵامی بدەینەوە.”

یەكەم: كۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەر (813590) كەسە.

دووەم: ژمارەی بەشداربووان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا كە دەنگیانداوە بریتی بوون لە (534106) كەس.

سێیەم: بەو پێوەرە رێژەی بەشداربووان دەكاتە 66%

ئاماژەی بەوەش كردووە، “زەحمەت نەبێت با كەمێك شەن و كەوی قسەكانیی شاسوار بكەین و بزانیین چی دەڵێت، «لە (600) هەزار دەنگی كورد نزیكەی (200)هەزار بەشداریان كردووە»، باشە خۆ ئەگەر نیوەی دەنگدەرانی كەركوكیش كورد بن، واتە لە كۆی ئەو (813590) دەنگدەرە، هێشتا نیوەكەی دەكاتە (406795) دەنگدەر؟! چونكە كۆی دەنگی لیستە كوردییەكان لەو ئەنجامە بەراییەی كە راگەیەندراوە (217774) دەنگە كە دەكاتە (54%)ی نیوەی دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك، كە ئەو دەڵێت: «(70%)ی دەنگدەری كوردی كەركوك بۆ دەنگدان نەچوون!» بە قسەی ئەو تەنها لە (30%)ی دەنگدەری كورد بەشداری دەنگدانیان كردووە! هەر بەم گریمانەیە لە (54%) دەكات، لە هیچ گەڕەكێكی كوردنشیندا رێژەی بەشداریكردن لە (60%) كەمتر نەبووە!.”

باسیان لەوەش كردووە، بۆ نموونە رێژەی بەشداریكردن لە ناوەندەكانی دەنگدان لە (ئیسكان 63%، حوڕیە 68%، شۆڕیجە 65%، فەیلەق/كوردستان 67%، شوان 69%) بووە، هەروەها تێكڕای ناوچە عەرەبنشینەكانیش لە (72%) بووە.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا شاسوار سیستمی سانتلیگۆ دەكاتە بیانوو بۆ نەبردنی كورسی! لە كاتێكدا سیستمی سانتلیگۆ (1.7) كاریگەری لەسەر كورسی یەكەم هەیە، ئێ خۆ شاسوار و جەماعەتەكەی بە نیازی (4 بۆ 5) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوون، بۆچی كورسییەكانی دیكەیان نەهێنا؟! هەروەها دەشڵێت: «كورد بووەتە كەمینە» لەوەشدا هەڵەیە، چونكە كورد وەكو نەتەوە زۆرترین دەنگی هێناوە لەچاو دوو پێكهاتەی دیكە، و وەكو لیستیش لیستە كوردییەكان (7) كورسییان بەدەستهێناوە.

هەروەها پێشتر شاسوار و جەماعەتەكەی پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەكرد «لە كاتی دەنگدانی تایبەتدا هێزەكانی پێشمەرگە دەنگ نادەنە حزبەكانی دەسەڵات» لە كاتێكدا بۆ زانیاری شاسوار و جەماعەتەكەی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە جگە لە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، رێژەی بەشداریكردن لە سەروی (95%) بووە، تەنانەت لە هەردوو پارێزگای كەركوك و سلێمانی لە سەروی (90%) دەنگیان بە لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێزو ئیرادەمانە داوە.

سەنتەری هەڵبژاردنی كەركوك- سەڵاحەدینی (ی.ن.ك) دەشڵێت: لە كۆتاییدا ئەوەندە بە شاسوار و جەماعەتەكەی دەڵێین، شكست بە درۆ و دەلەسەی سەر شاشەكان پینە و پەڕۆ ناكرێت، بەڵكو بە راستكردنەوەی هەڵەكان، و بە خۆداچوونەوە دەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا