کۆمسیۆنی عێراق سێ بەربژێری بەتۆمەتی کڕینی دەنگ دوورخستەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاندیدێکی بەتۆمەتی کڕینی دەنگ لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورخستەوە.

پێش دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە چەند خولەکێک، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق “مارلین تاڵب روومەیلی”، کاندیدی ژمارە 24ـی حزبی سیادەی عێراقی بەتۆمەتی کڕینی دەنگ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دوورخستەوە.

دوو بەربژێرەکەی دیکە لەسەر لیستی تەقەدوومی پارتەکەی حەلبووسی پاڵێوراون بەناوەکانی، سەفا فالیٶ رەشید سامەرایی و تاریق تۆفیق فەهد مەهدی، ئەمانیش هاوشێوەی بەربژێرەکەی حزبی سیادە، بەتۆمەتی کڕینەوەی دەنگ دوورخراونەتەوە.

بەپێی بڕیارەکەی کۆمسیۆن، “بەشی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاسپێردراوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بەو کەسانەی کە دوورخراونەتەوە.”

هەر لەگەڵ بەیاننامەکەدا کۆمسیۆن داوا لە فەرمانگە یاساییەکان دەکات کە رێکاری یاسایی دژی چوار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بگرنەبەر و دەڵێت> “ئەوان یارمەتیدەری پرۆسەی کڕینی دەنگەکان بوون لەگەڵ ئەو بەربژێرەی پارێزگای سەڵاحەدین”.

ئەمڕۆ جارێکی تر و پاش زیاتر لە 10 ساڵ، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداری 66 پارت و هاوپەیمانێتیی بەڕێوەدەچێت و زیاتر نزیکەی شەش هەزار بەربژێر، رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی 285 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە (18ی کانوونی یەکەمی 2023) پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

بەگوێرەی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق،کاتژمێر 7:00 بەیانی ئەمڕۆی وەک دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دیاریکردووە، ئەو دەنگدەرانەی خاوەنی ئەو کارتە بایۆمەترییەن کە (وێنە و پەنجەمۆر)ی لەسەرە،مافی دەنگدانیان هەیە”.

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، “ژمارەی دەنگدەرانی گشتی 16 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەرە. دەنگدەرانیش بەسەر 7 هەزار و 166 ناوەندی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگەدا دابەشکراون و کۆی گشتی ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و ئاوارەکان 7 هەزار و 766 بنکەی دەنگدانە. بەپێی کۆمیسیۆنەکە، زیاتر لە111,000 کامێرا لە بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان دانراون، کە بە درێژایی پرۆسەی دەنگدانەکە لەکاردا دەبن.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کاتژمێر 7ی بەیانی رۆژی شەممە (16ی کانونی یەکەمی 2023) دەستیپێکرد.

لە دەنگدانی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کارمەندی ئەمنی مافی دەنگدانیان هەبوو، هەروەها 595 ناوەندی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخانکرابوو.

ئەم هەڵبژاردنانە لە کۆی 18 پارێزگا، لە 15 پارێزگای عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. سێ پارێزگاکانی هەرێم بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ناکەن بەوپێیەی هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی سەربەخۆیە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ.

زیاتر لە 10 ساڵەوە و لەساڵی 2013ەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەنەچووە، بڕیار بوو لە ساڵی 2018 ئەنجام بدرێت کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو کاتە، بەڵام زیاتر لە جارێک دواخرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا