بڕیاری دامەزراندنی چوار ناحیەی نوێ‌ لە سنوری پارێزگای هەولێردرا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی چوار ناحیەی نوێی لە سنووری پارێزگای هەولێردا و سنووری كارگێڕیی ژمارەیەك ناحیە و گوندیشی دیاریكرد.

رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023، حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی دامەزراندنی چوار ناحیە و لكاندنی ژمارەیەك ناحیە و گوندی سەر بە پارێزگای هەولێر بڵاوكردەوە.

لەو راگەیەندراوەدا هاتووە، لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فراوانكردنی ناوچە كارگێڕییەكان و هێنانەكایەی ناحیەی تازە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بە مەبەستی كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوار ناحیەی تازە لە سنووری پارێزگای هەولێر هێنرانە كایەوە.

ناحیە نوێیەكان بریتین لە:

1- هێنانە كایەی ناحیەی كۆڕێ و لكاندنی بە قەزای پیرمامەوە.

2- هێنانە كایەی ناحیەی بەستۆرە و لكاندنی بە قەزای پیرمامەوە.

3- هێنانە كایەی ناحیەی بناری سەفین و لكاندنی بە قەزای پیرمامەوە.

4- هێنانە كایەی ناحیەی بێستانە كە ناوەندەكەی گوندی بێستانە دەبێت و ترازاندنی لە قەزای دەشتی هەولێر.

هەروەها ئەوەش هاتووە كە لە چوارچێوەی ئەو فەرمانەدا ژمارەیەك ناحیە و گوندیش سنووری كارگێڕیی نوێیان بۆ دیاریكراوە كە پێشتر لە سنووری قەزا و ناحیەی دیكە بوون، بەم شێوەیەی خوارەوە:

1- ترازاندنی ناحیەی دارەشەكران بە تەواوی گوندەكانییەوە لە سنووری قەزای خەبات و لكاندنیان بە قەزای پیرمامەوە.
2- ترازاندنی گوندەكانی شیوەپیران و رەسول بچكۆل لە ناحیەی شۆڕش سەر بە قەزای كۆیە و لكاندنیان بە ناحیەی بێستانەوە.

3- ترازاندنی گوندەكانی كانی بزرە، رولكە، هەیتە كوژە، شاقازی، حەسەن موتریب، سۆفی برایم، پونگینە، میرەكانی خدر، چاڵەگردەرە، ئازیانە، قەشقە، خوڕخوڕ، دووشیوان، پەلكانە لە قەزای قوشتەپە و لكاندنیان بە ناحیەی بێستانەوە لە قەزای دەشتی هەولێر.

4- ترازاندنی گوندەكانی بێستانەی گەورە، سەرمەزرا، بێستانەی بچووك و ئۆمەرەسۆر لە قەزای دەشتی هەولێر و لكاندنیان بە ناحیەی بێستانەوە لە قەزای دەشتی هەولێر.

فەرمانەكە لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بریتییە لە 14-12-2023.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا