پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەگوێرەی داتاکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان- لقی دهۆک، ئەمساڵ 41 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و شەش لەو کەسانە لە پارێزگای دهۆک بوون.
وەڵات ئوزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاشکرایکرد، تەنها لەمساڵدا 6 کرێکار لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە کە پێنج کرێکاریان کورد بوون و کرێکارێکیش بیانی بووە، هەروەها 8 کرێکاریش بریندار بوون.
بەراورد بە ساڵی پار رێژەکە بۆ نیوە کەمبووە کە ساڵی 2022، 12 کرێکار لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستدابوو.
سەبارەت بە مەرجەکانی سەلامەتی، سەرۆکی لقی دهۆک-ی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی %50 مەرجەکانی سەلامەتی لە شوێنەکانی کارکردن جێبەجێدەکرێت و لەهەندێک شوێنیش وەکو پێویست جێبەجێناکرێت. ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک کرێکار زیاتر لە 8 کاتژمێر کاردەکەن، پێویستە کەمترین مووچە 350 هەزار دینار بێت، لەکاتێکدا بەشێکیان بە کەمتر لە 200 هەزار دینار کاردەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 125 هەزار کرێکار لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن و نزیکەی 20 هەزاریان بیمەی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.