قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر کۆبوونەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی دووەم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد و پێکەوە چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، 29ی نۆڤەمبەری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بە تایبەت لەڕووی بازرگانییەوە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا  شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاروبارەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان و ئاسانکاریکردن بۆیان تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حکومەتی هەرێمیش کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات. لە بەرامبەریشدا کونسوڵی گشتی ئێرانیش ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ کارئاسانیکردن بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداکرا، قوباد تاڵەبانی ئاشکرایکرد،” هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن، بە لایەنی کەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی موچە رێکبکەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروست ببێت کە نابێت پرسی موچە تێکەڵ بە کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت”.

هاوکات، لەکۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش لە کەرکوک کرا، هەردوولا هیوایان خواست پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا تەواو ببێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، سەبارەت بە دۆخی کەرکووکیش رایگەیاند، ئێستا لە کەرکوک جیاوازی دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکان دۆخێک بێتە ئاراوە کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەت بکرێن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا