پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی لە ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان – سلێمانی بەسەر كردەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ هەر یەكە لە هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، عمید خالید محەمەد قادر بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و عەقید ئەڵوەن محەمەد ساڵح لێپرسراوی بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە مەترسییەكانی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان كرد و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و دەستگیركردنی تاوانباران دەربڕی.
بەڕێوەبەرانی ئاسایشیش باسیان لە گیرگرفت و كەموكوڕییەكان كرد و پلانی خۆشیان بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران بۆ جێگری سەرۆك وەزیران روون كردەوە.
دواتر قوباد تاڵەبانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان – سلێمانی كرد و بەشە جۆراوجۆرەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە لە كێشە و كەموكوڕییەكانی كۆڵییەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە هەوڵەكانی بەڕێوەبەر و ئەفسەران و فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە كرد لە یارمەتیدانی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر كراوە و توانیویانە ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنانی هەڕەشەلێكراو لە مەترسی رزگار بكەن.
داواشیكرد هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهێزتر بكەن و پشتگیری تەواوی خۆشی بۆ دووپات كردنەوە.