ئەنجامی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریا رادەگەیەنرێت

پۆڵەتیك پرێس

جیاکردنەوەی دەنگى  دەنگدەران بۆ  ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریا دەستیپێکردووە و بەگوێرەی هەواڵی میداكانی سوریاش رێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتیان لە ئاستێکی بەرزدابووە.

لیژنەی باڵای تایبەت بە ھەڵبژاردنەکانی سوریا رایگەیاند، لە  شەوی رابردووەوە دەستكراوە بە جیاکردنەوەی دەنگەکان  و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو رۆژی داھاتوودا ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە رابگەیەنرێت.

هاوكات  میدیاکانی سوریا بڵاویانكردەوە، 132 دەزگا و رێكخراوی نێودەوڵەتی ئاژانسی راگەیاندن  روماڵی پرۆسەکەیان کردووەو ئاستی بەشداریکردنی ھاوڵاتیانیش زۆرباشبووە.

پرۆسەی هەڵبژاردن لەسوریا لە بەشێک لە پارێزگای رەققە بەڕێوەچوو لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشێک لە  ناوچەكانی حەسەکە و قامیشلۆ  سندوقی دەنگدان بۆ دەنگدەران  دانرابوون  بەڵام ھەڵبژاردن لەناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا وەک ئیدلب و عەفرین و سەرێکانێ و جەرابلوس بەڕێوەنەچوو.

رۆژی چوارشەممە 26ی ئایار  لەدوای 10 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر شۆڕشی سوریا، بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنی گشتی لە سوریا بەڕێوەچوو.

هاوكات مەجد مەجدۆ، نێردراوی پۆڵەتیک پرێس بۆ رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند،“ئەمریکییەکان بە پەیەدە-یان ڕاگەیاندووە بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا نەکەن و لە ناوچە کوردییەکان ڕێگەنەدرێت سندوقی دەنگدان دابنرێت”.

نێردراوی پۆڵەتیک پرێس بۆ رۆژئاوای کوردستان  ئەوەشی راگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لەکاردانەوەی دانەنانی سندوقی دەنگدان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڕەشەی ئەوەی کردووە “ئەو کوردانەی لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت فەرمانبەرن و بەشداریی دەنگدان ناکەن، لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و فەسڵدەکرێن”.

لە ھەڵبژاردنی سوریادا  سێ کاندید رکابەری دەکەن بۆ بوون بەسەرۆكی سوریا ئەوانیش “بەشار ئەسەد و عەبدوڵا سەلوم عەبدوڵا و مەحمود رەبعی” بوون،  پێشبینییەکانیش بەو ئاراستەیەن کە بەشار ئەسەد دەبێتەوە بە سەرۆکی سوریا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا