پۆڵەتیك پرێس
شاندێكی باڵای ئەمەریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبووە و چەند پرسێكیان تاوتێكرد لە نێویاندا پرسی پارێزگاری كردن لە ئازادی و ئازادی رادەربڕین و دۆسیەی سزادراوانی بادینان.
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 16 ی ئایار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكی كۆبوەوە، كە پێكهاتبوو لە جۆوی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك بە وەكالەت، ئەیمی كەترۆنا، نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا بە وەكالەت، زەهرا بێل بەڕێوەبەری كاروباری سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكا.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا دەربارەی بارودۆخی عێراق و سوریا و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.
شاندی ئەمەریكا، دووپاتیكردەوە بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بۆ روبەڕووبونەوەی داعش.
لەسەر دۆسیەی سزادراون و راگیراوانی بادینان، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا، كە ئەوە بابەتێكی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت، پشتیوانیی و رێز و پێزانینی خۆشی بۆ كاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەكان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.
سەرۆكی حكومەت جەختی كردەوە، كە رەفتارە نا یاساییەكانی حوكمدراوان و خراپ بەكارهێنانی پەیوەندییەكانیان، بە هیچ شێوەیەك گومان لە سەر لایەنە دیپلۆماسییەكان دروست ناكات.