كاروان ئەنوەر: هەموو درۆو بوختانەكان بۆ خەڵكی سلێمانی و كوردستان ئاشكرادەكەین

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وەڵامێكی توندی ئەنوەر حسێن ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەداتەوە دەڵێت، بەگژی دارو بەرددا دەچینەوەو هەموو درۆو بوختان و شەڕە راستەوخۆو بە وەكالەتەكانتان وەك رۆژی روناك بۆ خەڵكی سلێمانی و كوردستان ئاشكرا دەكەین.

دەقی روونكردنەوەكەی كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان:

چەند مەردایەتیە لەسەر هەڵوێست و بەرگری كردن لە ماف و راستیەكان دەرگای شەڕت لەسەر بكرێتەوە.
هەركەس پەرێز ی پاكە، بێ خەم لەشەڕ بێباكە..

بۆیە بەگژی دارو بەرددا دەچینەوەو هەموو درۆو بوختان و شەڕە راستەوخۆو بە وەكالەتەكانتان وەك رۆژی روناك بۆ خەڵكی سلێمانی و كوردستان ئاشكرا دەكەین..

دوایین ئیمزای ئەنوەر حسێن وەك جێگری نەقیب ئەو ئیمزایە بوو كە لەسەر لادانی ئێمە كردبووی و بە ئەندامانی ئەنجومەنی وتبوو كە گوایە ئەو سەرپشك كراوە بۆ ئەم كارە!!

ئەی بۆچی خۆی لە جێگریی لادرا؟؟

ئەو ژمارانەی باست كردوون، گوایە لە لقی سلێمانی پاكتاو نەكراون، یان ئەو خاڵانەی ئیمزات پێ كردن كە گوایە ئێمە كردومانن، بە پیرۆزترین وشە، بە شیری بەری دایكی شەهیدان، هەر هەموویان درۆو بوختانن..

دەبێت لە بەردەم یاساو لە دادگادا تۆو نەقیبی رۆژنامەنووسان هەر هەموویان بسەلمێنن، گەر بۆتان سەلمێنرا تەنها یەك دینار، تەنها یەك كەمتەرخەمیی، تەنها یەك لادان لە پەیڕەوو یاسای سەندیكا، ئەوا من ئامادەم لەبەردەركی سەرای سلێمانیدا لە سێدارە بدرێم و وەك خائین ناوزەد بكرێم..

ئەگەر نا، وەی لە حاڵتان چ دەروازەیەكی دۆزەخ لەسەر خۆتان دەكەنەوە، باجی درۆ و بوختان هەڵبەستنتان، باجی تۆمەت و ناشیرین كردنمان، بەپێی یاساو رێسا، تا مردن وەك مۆتەكە لە كۆڵتان نابێتەوە..

با یاساو دادگا رەقەم و ئێمزاكانی تۆو شەڕەكانی ئازاد حەمەدەمین لەسەر سلێمانی بكاتە پەندێك بۆ هەموو ئەو كەسانەی دەیانەوێت راستیەكان و جوانیەكان و دڵسۆزیی و خۆبەخشی و لەخۆبوردەیی ئێمەو خەڵكی سلێمانی بشێوێنن..

دیارە ئیتر یاساو دادگاكان سەرپشك دەبن بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەم شەڕو بالۆرەیەی چەندین ساڵە بە ئێمەو بە سلێمانی دەفرۆشن..

با رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستانیش ناوبژیوان و راستبێژی ئەم تەشقەڵەیە بن كە ساڵانێكە بە ناهەق بەرامبەر بە ئێمە دەكرێن..

بمانبورن كە ناچاریان كردین كار بگاتە ئەم ئاستە..

كاروان انور

سكرتێری لقی سلێمانی

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

٣٠ ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا