سودانی: عێراق رێگە نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هیچ لایەنێك بەكاربهێنرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە كۆبوونەوە، سوودانی بە وەزیری دەرەوەی سعودیەی راگەیاند، عێراق رێگە نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هیچ لایەنێك بەكاربهێنرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 09-10-2023 پێشوازیی لە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبیی سعودیە و شاندی یاوەری كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سودانی، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان عێراق و سعودیە كرا، لەگەڵ بابەتە هاوبەشەكان و دوایین پێشكەوتنەكانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و هەرێمی.

هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، پێشهاتەكانی دۆخی فەلەستین و كاردانەوەی رووداوەكان و كاریگەرییان لەسەر گەلی فەلەستین تاوتوێكران.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سودانی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتكردەوە سەبارەت بە ئاسایش و سەلامەتی خاكی وڵاتانی دراوسێ و پابەندبوونی بە بنەماكانی دراوسێیەتیی باش و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان لەم رووەوە، هەروەها رێگە نادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هیچ لایەنێك بەكاربهێنرێت.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبی سعودیە بەسەردانێك گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازی لێكرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا