پۆلیسێکی میسری دوو گەشتیاری ئیسرائیلی دەکوژێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەگوێرەی میدیای میسری، پۆلیسێکی ئەو وڵاتە لە شاری ئەسکەندەریە تەقەی لە گرووپێکی گەشتیارانی ئیسرائیلیی کردووە و دووانی کوشتووە، جگە لەوە، میسرییەکیش بەر دەستڕێژەکە کەوتووە و کوژراوە.

میدیای میسری باس لەوە دەکات، لە مەزارێک دەستڕێژی هەڕەمەکیی لە گرووپە گەشتیارە ئیسرائیلییەکە کراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی میسر بە میدیاکانی راگەیاندووە، پۆلیسەکە دەستگیرکراوە.

ئەم رووداوە هاوکاتە لەگەڵ شەڕێکی خوێناوی لە نێوان گرووپە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل.

لە حوزەیرانی ئەمساڵیش، پۆلیسێکی میسری دزەیکردە ناو ئیسرائیل و سێ پۆلیسی ئیسرائیلی لەسەر سنوور کوشت، کە دواتر خۆیشی کوژرا، ئەوە وەک وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوکات ئاماژەی پێکرد.

دوێنێ 7_10_2023 باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد.

جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، هەمان رۆژ ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونە ناو سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان کرد.

لە بەرانبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.

میسر یەکەمین وڵاتی عەرەبی بوو کە لە ساڵی 1979 پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل بەست. وێڕای ئەوەی کە چەندین دەیەی بەسەردا تێپەڕیوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆری میسرییەکان دژایەتیی ئەو پەیوەندییە دەکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا