شاندێکی ئەسەد بەنهێنی سەردانی بەغدا دەکات

پۆڵەتیک پرێس

سەرچاوەیەکی باڵای عێراق رایگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، شاندێک کە پێکهاتبوو لە چەند بەرپرسێکی رژێمی بەشار ئەسەد بەنهێنی سەردانی بەغدایان کردووە و چاویان بە چەند بەرپرسێکی ئەمنی عێراق کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە عێراقییە، لە کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنەدا تاوتوێی دۆخی سەرسنوری عێراق و سوریا کراوە بەتایبەت هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆسەر سەربازگە و ناوەندە سەربازییەکانی دێرەزور و بوکمال کە کۆمەڵە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیان تێدایە.

ئەوەش هاتووە، ئەو شاندەی رژێمی بەشار ئەسەد کە لە سێ بەرپرس پێکهاتبوو و تەنیا رۆژێک لە بەغدا مایەوە، زانیاری پێشکەش بەو بەرپرسە عێراقییانە کردووە لەبارەی تێوەگلانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئەمریکا لە پێدانی زانیاری و پاڵپشتی ئاسمانی بە ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی بۆردوومانەکانی ئەم دواییانە.

ئەو بەرپرسانە باسیان لەوەش کردووە، عێراق بەرپرسە لە هەر هێرشێک کە لەناو خاکەکەیەوە بکرێتەسەر ناوچە سورییە دراوسێکانی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانی 2018 و 2019، لە سەردەمی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی، عێراق سوریای ئاگادارکردەوە لەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئەمریکی بەشێکە لە هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕکردن دژی تیرۆر.

بەپێی سەرچاوە عێراقییەکە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمانی هەردوو وڵاتدان و ئەو ناوچانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کە بارەگای ئەمریکییەکانیشیان تێدایە، نزیکترن لەو ناوچە سوریانەی لەلایەن ئیسرائیل بەئامانجگیراون.

ئاشکراشی کرد، دۆسیەی دەروازەی وشکانی نێوان شنگال و حەسەکە لە چوارچێوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، لەلایەن عێراقەوە رەتکراوەتەوە، سەرباری ئەوەی داواکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی لەسەربووە.

لە 13ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل بۆردومانی سەربازگە و بارەگا سەربازییەکانی دێرەزور و بوکمالی کرد کە دەکەونە سوریا و بەهۆیەوە زیاتر لە 57 کەس گیانیان لەدەستدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا