نەخۆشخانەیەکی گرنگ لە سلێمانی بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لەبەردەم ئەگەری داخستندایە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، بەداخەوە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری (دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشید) بەهۆی پێنەدانی مووچەی کارمەندەکانیان لەبەردەم داخستندایە.

د. پشدەر ئاماژە بەوەشدەکات، “ئێمە لە ئیدارەی نەخۆشخانە بەتەواوی پشتگیری پزیشکان و کارمەندانی ئیداری و تەندرووستی و پەرستاران ئەکەین،داواش لە حکوومەت ئەکەین کە هەرچی زووترە مووچە دابین بکات”.

هەروەها داواش دەکات، “هاووڵاتیان لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە رەچاوی باروودۆخی دەروونی پزیشکان و کارمەندەکانمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن،چونکە پزیشکانی گەنج و کارمەندەکان و پەرستاران جگە لە مووچە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نیە”.

دکتۆر پشدەر، لە دیمانەیەکی تایبەتی پۆڵەتیک پرێسدا وتی، “لە دوای راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ، هیچ کارمەند و فەرمانبەرێکی حکوومەت نیە کە فشاری دەروونی موچەی لەسەر نەبێت و لە ئێستاشدا هیچ هیوایەک نیە کە حکوومەت مووچە دابەش بکات”.

دکتۆر پشدەر وتیشی، “کارمەندمان هەیە پارەی بەنزینی پێ نیە و بە تاکسی هاتووچۆ دەکات، بەڵام بەهۆی رەچاوکردنی بارودۆخی خەڵکی سلێمانی، دەواممان رانەگرتووە و کەممانکردۆتەوە بۆ نیوە”.

هاوکات وتیشی، “ئێمە وەک کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری دکتۆر جەمال بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ داخستنی نەخۆشخانەکەدا نین، بەڵام دۆخی فەرمانبەران بەگشتی و پزیشکان و کارمەندانی تەرندوستی نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری زۆر خراپە و حکوومەت دەبێت بەهانای خەڵکەوە بێت”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، “ئەوانەی لاف و گەزافی کوردایەتی لێ دەدەن، لەکاتی نەمانی قەوارەی هەرێم دەڕۆنەوە بۆ ئەوروپا و خەریکی کەسابەتی خۆیان دەبن و کێشەکەش بۆ خەڵکی بەشمەینەت و فەقیری ئەم وڵاتە بەجێدەمێنێت”.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانی مانگی حوزەیران و ئابیان وەرنەگرتووە. سەندیکای کارمەندانی تەندرووستی سلێمانیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رۆژی 10ی ئەم مانگە رایانگەیاند، کە مۆڵەتی دوو 72 کاتژمێری دەدەن بە حکوومەت بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان و لەئەگەری دابەشنەکردنیدا، کەرتی تەندرووستی لە شاری سلێمانی پەک دەخەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا