بەهۆی وشکەساڵییەوە لە 10 پارێزگای عێراق زیاتر 12 هەزار خێزان کۆچیان کردووە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای دیوانییە ئاشکرایکرد، لە 10 پارێزگای عێراق، زیاتر لە 12 هەزار خێزان بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچاربوون کۆچ بکەن.

حەسەن مەتەر وائیلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دیوانییە ڕایگەیاند، ڕێژەی باران بارین لە شارەکە لەساڵی 2019ەوە %92.8 کەمیکردووە و زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.

ڕوونیکردەوە، بەشێوەیەکی گشتی %76ی دانیشتووانی شارەکە پشت بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبەستن، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و ڕێژەی سەوزاییەوە ناچاربوون ئاژەڵەکانیان بفرۆشن و بۆ ئەو ناوچانە کۆچ بکەن کە ئاوی لێیە.

جەختیکردەوە، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی کۆچی نێودەوڵەتی، تا ناوەڕاستی مانگی ئادار 12 هەزار و 212 خێزان، کە دەکاتە 73 هەزار و 272 کەس، لە 10 پارێزگای عێراق بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچاربوون کۆچ بکەن.

لەکاتێکدا، عێراق بەدەست کێشەی کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات و گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بووتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی نێوان  عێراق و هەردوو وڵات.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا