پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب، بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن.
بەپێی زانیارییەکان، وەفدەکەی هەرێم پێکهاتوون لە؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و چەند بەرپرسێکی تری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، تا درەنگانی شەوی رابردوو بەسەرپەرشتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، کۆبوونەوەی شاندەکەی هەرێم و حکومەتی عێراق بەڕێوەچووە، پرسەکانی مووچەی مانگەکانی ئاب و تەممووز، هەروەها پرسی بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقدا و ئەو ئاستەنگ و رێگرییانەی دێنە بەردەمیان لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پۆڵەتیک، لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک.
بڕیارە کۆبوونەوەکانی شاندەکەی هەرێم درێژە بكێشێت و هەر ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی کۆتایی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجام بدەن و لە دوایشدا، دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.