عیمران خان، لە سیاسییەک و ئەستێرەیەکی دیاری یاری کریکێتەوە بۆ کونجی زیندان

عیمران خان، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان لە کاتی جێهێشتنی دادگای باڵای شاری لاهۆر لە رێککەوتی 15ـی مارسی 2023.

پۆڵەتیک پرێس: پشتیوان تەیب

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە رابردوودا خۆشەویستی ملیۆنان پاکستانی بوو، ئەو ئەستێرەیەکی دیاری یاری کریکێت بوو، ئەو یاریەی بەریتانییەکان لە سەدەی شازدە دایانهێنا و لە ئێستادا لە وڵاتانی باشووری کیشوەری ئاسیا هەوادارێکی زۆری هەیە.

لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ئەو ئەستێرە دیارەی گۆڕەپانی وەرزشی کریکێت بوو بە سیاسیەکی پۆپۆلیست و بانگەشەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و شکاندنی کۆتوبەندی هەژاری دەکرد لە وڵاتەکەی، بەم کارەشی
سەردەمێکی نوێ لە هیوابەخۆبوون لەناو گەلی پاکستاندا سەریهەڵدا، بەڵام کۆتا رۆژەکانی ژیانی سیاسی عیمران خان، چیرۆکێکی ئاوەژوو دێنێتە بەر باس.

عیمران خان، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان رێککەوتی 5ـی ئابی 2023 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری لاهۆر، دەستگیرکرا. پاش ئەوەی تۆمەتی گەندەڵی و بەدەستهێنانی پارە بەشێوەیەکی نایاسایی درایە پاڵی، لە دادگای شاری ئیسلام ئاباد، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و راپێچی بەندیخانە کرا. وەک پارێزەرەکانی باسی دەکەن، ئەو بەندیخانەیەی عیمران خانی لێ زیندانیکراوە، ژوورێکی تەنگ و پڕ لە مێش و مەگەزە، تەنانەت ژمارەی بەندکراوەکانی گرتووخانەکە زۆر زیاترە لە رێژەی ئاسایی خۆی.

عیمران خان بە تۆمەتی بەدەستهێنانی پارە و ئەنجامدانی گەندەڵی لەو کاتەی لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا بووە و فرۆشتنەوەی دیارییە فەرمییەکانی حکومەت بە شێوەیەکی نایاسایی لە نێویاندا خشڵی ئەڵماس و بۆن و تاقمی نانخواردن، هەروەها کاتژمێری گرانبەهای جۆری رۆلێکس کە بە دیاری لەلایەن بنەماڵەیەکی شاهانەوە پێی گەیشتبوو کە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی حکومەت، لە دوبەی فرۆشتوویەتیەوە.

بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن حکومەتی پاکستانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان 7 کاتژمێری گرانبەهای بە دیاری بۆ هاتووە، کە 6 دانە لەوانەیە جۆری رۆلێکس بووە، گرانترینیان بە وتەی وەزیری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پاکستان، نرخەکەی سەروو 300 هەزار دۆلار بووە. لە بەرامبەریشدا، عیمران خان هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و دەڵێت، ئەو بە شێوەیەکی یاسایی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کڕیووە.

لە یاریزانی کریکێتەوە بۆ سیاسییەکی پۆپۆلیست

یەکێک لە بەناوبانگترین سیاسیەکانی پاکستان، کە پێشتر داوای چاکسازی و ریشەکێشکردنی گەندەڵی دەکرد لە وڵاتەکەیدا؛ ئێستا لە یەکێک لە توندوتۆڵترین گرتوخانەی وڵاتەکەیدا زیندانی کراوە.

وڵاتی پاکستان رێژەی دانیشتووانەکەی 220 ملیۆن کەسە، لە یەکەم رۆژی دروستبوونی تا ئێستا رووبەڕووی ئاستەنگی و چەقبەستووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆر بووەتەوە لەوکاتەوەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە ساڵی 1947 بە فەرمی پاکستانی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند، کە ئەوکات بەشێک بوو لە وڵاتی هیندستان و، بەریتانیا لەسەر بنەمای ئاین لێکی جوداکردنەوە.

برسیەتی و قاتوقڕی، تاوانکاری، هێرشی سوپا و هەڵپەی دەسەڵات پێناسەیەکی دانەبڕاوی پاکستان بووە بە درێژایی 76 ساڵی تەمەنی، بەجۆرێک ناوی لە لیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە، بەرزی رێژەیی هەژاری و واستەکردن و گەندەڵی بە شێوەیەکی سیستماتیکی شۆڕبۆتەوە بۆ زۆربەی جومگەکانی کۆمەڵگا لەو وڵاتەدا.

گەلی پاکستان تەنها تروسکاییەک لێیانەوە دیار بوو، عیمران خان بوو. عیمران خان، لە ساڵی 1952 لە خێزانێکی دەوڵەمەند و زەنگینی ئەو وڵاتە لەدایک بووە و بڕوانامەی بەرزی زانستی لە بوارەکانی فەلسەفە و سیاسەت و ئابووری لە زانکۆی بەناوبانگی ئۆکسفۆرد بەدەست هێناوە.

ئاهەنگگێڕانی عیمران خان و هاوتیمەکانی بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی جامی جیهانی یاری کریکێت لە شاری مێلبۆرن، ئوسترالیا. رێککەوتی 25ـی مارسی 1992.
ئاهەنگگێڕانی عیمران خان و هاوتیمەکانی بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی جامی جیهانی یاری کریکێت لە شاری مێلبۆرن، ئوسترالیا. رێککەوتی 25ـی مارسی 1992.

لە ماوەیەکی کورتدا بەهۆی وەرزشی کریکێت-ەوە، ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات و سەرکردایەتی تیمی نیشتیمانی وڵاتەکەی دەکات لە بردنەوەی جامی جیهانی کریکێت لە ساڵی 1992 لە ئوسترالیا. پاش دوو ساڵ، خان نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە و سەنتەری توێژینەوەی ئەو نەخۆشییە دەکاتەوە پاش ئەوەی دایکی بەهەمان نەخۆشی لە ساڵی 1985 کۆچی دوایی دەکات. عیمران خان بەم کارانەی، توانی لایەنگرێکی زۆر پەیدا بکات و لە سەرانسەری پاکستانەوە خەڵکی خۆشەویستیی خۆیان دەردەبڕی بۆی.

دوابەدوای گەورەبوونی کاریگەرییەکانی لەسەر وڵات و بەدەستهێنانی ناوبانگێکی زۆر لە وڵاتەکەیدا، عیمران خان چاوی بڕیە سیاسەت و بەژداریکردنی لە هەڵبژاردەکانی ئەو وڵاتە. بۆ ئەم مەبەستەش، لە ساڵی 1996 پارتی (تەحریکی ئینساف) یاخوود بزووتنەوەی یەکسانی دامەزراند. سەرەنجام لە ساڵی 2002 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد.

عیمران خان، وەک کەسایەتییەکی سیاسی میانڕەو دەردەکەوت و تێڕوانینی بۆ جیاوازیە ئاینیەکان نێوەندگیرانە بوو. لە ساڵی 2014 ناوبانگی سیاسی عیمران خان گەیشتە ئاستێکی تر، ئەوە پاش تۆمەتباکردنی

پارتی کۆمەڵەی موسوڵمانانی پاکستان PML-N بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان

لە کۆتاییدا و پاش دوو دەیە لە ململانێی سیاسی و رکابەریکردن لەسەر کورسی دەسەڵات، دواجار عیمران خان لە ساڵی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی پاکستان هەڵبژێردرا.

بەڵێنی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە داڕوخانی سیستەمی سیاسی و ئابووری پاکستان، هیوای ژیانێکی نوێی بۆ ملیۆنان هاوڵاتی پاکستان دروست کرد.

عیمران خان لەکاتی سەرکردایەتی کردنی خۆپشاندانی دژ بە سەرۆکی ئەوکاتی پاکستان پەرڤێز موشەرەف. رێککەوتی 12ـی ئایاری 2008.

دەسەڵاتی پڕ لە گێژاو

لە سەردەمی دەسەڵاتی عیمران خان، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی پاکستان، وڵاتەکەی رووبەڕووی بەرز و نزمی زۆر بوویەوە، هەر لە هەڵاوسانی ئابووری و بەچۆکداهاتنی وڵاتان لەبەرامبەر پەتای کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی دراوی پاکستان بەرامبەر دراوی بیانی و چەندان کێشەی تر کە تەنگیان بە عیمران خان و پاکستان هەڵچنیبوو.

لەلایەکی دیکە، گرژییەکانی نێوان پاکستان و هیندستانی دراوسێ لە ساڵی 2019 مەترسییەکی راستەقینە بوو لەسەر کابینەکەی عیمران خان، بەو پێیەی هەردوو وڵات خاوەن چەکی ئەتۆم بوون و هەر پێکدادانێکی سەربازی و سیاسی دەبووە هۆی شلۆق بوونی دۆخەکە، بەمەش کاری عیمران خان سەختتر دەبوو. بەڵام لە ئەنجامی دانوستانی دیپلۆماسی و چارەسەری کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ، هەردوو وڵات دۆخەکەی هێورتر کردەوە و بەدرێژایی سەرۆکایەتی خان، ئەم دۆخە بە هێوری مایەوە.

عیمران خان، لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەر بۆیە چەندین سوپاسگوزاری و دەستخۆشی دەڕۆشتن بۆ کابینەکەی خان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و هەتا جیهانیش. خان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، دەستی کرد بە داخستنی سنووری وڵاتەکەی بە ڕووی دراوسێکانیدا و هاوڵاتییانی وڵاتەکەی ناچار کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە لە پێناو بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی ئەو پەتا نەگریسەی ساڵی 2020 سەرتاسەری جیهانی گرتەوە و بە ملیۆنان کەسی کوشت.

لە ساڵی 2021، رەخنەکانی عیمران خان، روویان لە زیاد بوون کرد. بەشێک لە رەخنەکان پەیوەست بوون بە پرسی سیاسی ئەوکاتی ئەفغانستان و هێرشی تاڵیبان بۆ سەر سوپای ئەو وڵاتە و کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە.

خان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزی وڵاتانی دراوسێ تۆمەتبار کرد. سیاسەتی دەرەوەی عیمران خان لەسەر بنەمای خۆشەویستی سوپا بۆ خۆی لەلایەک و دەنگی ناڕازی ناوخۆیی دژە ئەمریکی لەلایەکی تر، بوونە خاڵی وەچەرخان لەبەرامبەر هەڵوێست و سیاسەتی عیمران خان بەرامبەر رۆژئاوا.

بەڵێنەکانی عیمران خان و حزبی تەحریک ئینساف بەرامبەر گەلی پاکستان، بەو شێوەیە دەرنەچوو کە بەڵێنی دابوو. وەک گەلی پاکستان باسی لێوە دەکەن “پرسە سەرەکییەکانی حزبی تەحریک ئینساف بریتی بوون لە چاکسازی لە دەزگا ئەمنییەکانی پۆلیس و سوپا و کێشە ناوخۆییەکان، بەڵام هیچ کام لەم پرسانە جێبەجێنەکران”. و دەشڵێن “ئیرادەی سیاسی عیمران خان ئەوەندە بەهێز نەبوو کە سەرەتا دەردەکەوت و بانگەشەی بۆ دەکرد، بەدڵنیایشەوە دروستکردنی پاکستانێکی بێ گەندەڵی خەونێک بوو هەرگیز نەهاتە دی”.

بەهۆی رەخنەکانی سەر کابینەکەی و تۆمەتبارکردنی بە داڕوخانی سیستەمی ئابووری وڵات و میکانزمی رووبەڕووبوونەوە و خراپی بڕیارەکانی لەبەرامبەر چارەسەری کێشەی هەڵاوسان، ساڵی 2022 لە پەرلەمانی وڵات بە کۆی دەنگ لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی پاکستان متمانەی لێسەندرایەوە. ئەم بڕیارەی پەرلەمانیش بووە هۆی دروستبوونی پشێویی و گرژی و توندوتیژی لە وڵاتدا و خۆپشاندانی گەورەی لێکەوتەوە.

هەرچەندە عیمران خان، سوپای وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەستی هەبووە لە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، بەڵام بەشێک لە تۆمەتەکانی سەری راستیان تێدابوو، بەو پێیەی وڵات کەوتبووە ژێر دۆخێکی دژوار لە هەموو روویەکەوە. خان ئەم دوورخستنەوەیەی بە پلانی هاوبەشی سوپای وڵاتەکەی و ئەمریکا لەقەڵەم دا، پێداگریشی کرد لەسەر هەژموونی سوپا لە دیاریکردن و لابردنی پۆستە باڵاکانی حکومەتی ئەو وڵاتە.

پێکدادانی نێوان لایەنگرانی عیمران خان و سوپای پاکستان لە دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دەستی پێ کرد. خان لەو کاتەوەی لە کارەکەی دوورخرایەوە، رووبەڕووی زیاتر لە 150 تۆمەتی جۆربەجۆر بوویەوە، هەر لە تۆمەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و سەرکوتکردنی نەیارانی و هەروەها دواین تۆمەت کە بووە هۆی زیندانیکردنی بۆ ماوەی 3 ساڵ، تۆمەتی بەدەستهێنانی پارە بەشێوەیەکی نایاسایی و فرۆشتنەوەی دیارییە فەرمییەکانی حکومەت لەو کاتەی لە پۆستەکەیدا بووە.

ئەم تۆمەتانە، ملیۆنان لایەنگری خانی توڕەکرد و گرژی و توندوتیژی سەرتاپای وڵاتی تەنی. دوایین رووبەڕووبونەوەی نێوان لایەنگرانی خان و سوپا، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئایاری رابردوو. ئەوکات عیمران خان بە تۆمەتی جیاجیای دادگای باڵای ئەو وڵاتە، دەستگیرکرا. بەڵام پاش چەند خۆپشاندانێک لەلایەن لایەنگرانی عیمران خان، ئازادکرا.

خۆپشاندانەکە بووە هۆی دروستکردنی پشێوی و توندوتیژی لە وڵاتدا. کە تێیدا چەند کەسێک کوژران و بریندار بوون، شاباز شەریف- سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش لایەنگرانی عیمران خانی بە ‘تیرۆرست’ ناوبرد، بەڵێنیشی دا سزای توندیان بدات.

شاباز شەریف، بەڵێنەکەی بردە سەر و هەر زوو سوپای ئەو وڵاتە بە سەدان لایەنگری عیمران خانی بە تۆمەتی پشێوی نانەوە و تێکدانی ئاسایشی وڵات دەستگیرکرد و راپێچی زیندانەکانی کردن. لەگەڵ دەستگیرکردنی چەندین سەرکردە و رابەڕی سیاسی بزووتنەوەکەی عیمران خان.

ژیانی سیاسی عیمران خان بەرەو کوێ؟

عیمران خانی تەمەن 70 ساڵ، رۆژی شەممە رێککەوتی 5ـی ئاب، دادگای ئیسلام ئاباد بە تۆمەتی دەستخستنی پارە بە شێوەی نایاسایی و فرۆشتنەوەی دیارییە فەرمییەکانی حکومەت، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد. هەرزوو پۆلیس و سوپای ئەو وڵاتە لە شاری لاهۆر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیریان کرد.

عیمران خان لەناو لایەنگرانییەوە دژی حکومەتی پاکستان خۆپشاندان دەکات لە شاری گوجرانوالای پاکستان، رێککەوتی 1ـی نۆڤێمبەری ساڵی 2021.

ژیانی سیاسی عیمران خان رەنگە بەهۆی ئەم بڕیارەی دادگاوە کۆتایی پێ هاتبێت، بەڵام خان بەڵێنی شەڕکردنی دا و لە تۆمارێکی ڤیدۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، کە شەوی دەرکردنی بڕیارەکەی دادگای ئیسلام ئاباد تۆماریکردبوو، داوای لە گەلی پاکستان کرد کە بە شێوەیەکی هێمنانە بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مافی خۆیان بکەن بۆ “فەراهەم کردنی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانیان”. هاوکات داوای لە لایەنگرانیشی کرد “من یەک جار هەلی تانە گرتنم هەیە لەم بڕیارە، بۆیە لە ماڵەکانتاندا دامەنیشن”.

بەڵام جیاوازتر لە خۆپشاندانەکانی مانگی ئایاری رابردوو، ئەمجارە هیچ ئاماژەیەکی خۆپشاندانی گەورە لەلایەن لایەنگرانییەوە بەدی نەکرا.

دوابەدوایی بڕیاری دەستگیرکردنی و سزادانی بۆ ماوەی سێ ساڵ، دادگا بڕیارێکی تری لە دژی عیمران خان دەرکرد و لە هەموو کار و چالاکییەکی سیاسی سڕی کرد. بەم بڕیارەش خان ناتوانێت تا 5 ساڵی دیکە بەژداری هیچ پرۆسەیەکی سیاسی بکات و ناشتوانێت وەک سەرۆکی پارتەکەی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات بۆ دووبارە چوونەوە سەر تەختی دەسەڵات، وەک بەشێکیش لە شارەزایانی سیاسی دەڵێن، ژیانی سیاسی عیمران خان کۆتایی هاتووە و قورسە بڕیارەکانی دادگا هەڵبوەشێتەوە.

عیمران خان، رۆژانێک لە نێو ئاپۆڕای ملیۆنان کەس لە شەقامەکانی پاکستان دروشمی ئازادی و رەخساندنی ژیانێکی شایستەی بۆ گەلەکەی دەوتەوە، ئێستا لە ژوورێکی تاریکی ‘پڕ لە جڕو جانەوەر”ـە لە یەکێک لە زیندانییەکانی وڵاتەکەی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا