حكومەتی هەرێم: هیچ پاساوێك نەماوە لەبەردەم حكومەتی فیدڕاڵ لەمە زیاتر شایستە داراییەكان دوابخات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی چوارشەممە 2_8_2023 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی شنگال و جێنۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە ڕێز و شكۆوە یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژییەی كردەوە و پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە پشتیوانیكردنی مافی ئێزدییەكان دووپات كردەوە و ستایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی كرد بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەم كۆمەڵكوژییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەم كۆمەڵكوژیانە بگیرێت ، جەختیشی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كردەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر دوا پێشهات و پەرەسەندنەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق و دابینكردنی شایستەی دارایی مووچە و بەشە بودجەی هەرێم و ڕێڕەوی دانوستانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و بەم شێوەیەش، هیچ پاساو و بیانوویەك نەماوە لەبەردەم حكومەتی فیدڕاڵ كە خەرجكردنی شایستەكانی هەرێم لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای بودجە بنێرێت.

ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هێز و پارت و لایەنە كوردستانییەكان دەكات كە هاوهەڵوێست و یەكدەنگ بن لە سەر داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ناو بودجەدا جێگیركراوە.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بارودۆخی كارەبا وگرانیی بەنزین لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەمبارەیەوە، كە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە دوو توێی ڕاپۆرتێك خرایەڕوو، ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دا بۆ چارەسەركردنی گرانبوونی نرخی بەنزین و ئاسانكارییەكانی وەزارەت بۆ هاوردەكردنی بەنزین و هاندانی پاڵاوگەكان بۆ پاڵاوتنی زیاتری نەوتی خاو بۆ دابینكردنی بەنزین.

سەبارەت بە كارەباش، وەزیری كارەبا ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەتەكەی دا بۆ باشتركردنی ڕەوشی خزمەتگوزاریی كارەبا و هەوڵدان بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانیی و ئەو پڕۆژانەشی خستەڕوو كە لە ماوەی ڕابردوو بەم ئاراستەیە ئەنجامدراون.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای هەڵسەنگاندنی هەوڵ وپڕۆژەكانی هەردوو وەزارەت، وەزیری ڕاسپارد كە لە ڕێكار و هەوڵەكانیان بەردەوام بن بۆ دابینكردنی كارەبا و سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان و هەموو ئاسانكارییەكیش لەم ڕووەوە بخەنەڕوو.

لە بڕگەی كۆتاییدا، پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی پێدانی پارە بە شێوازی ئەلكترۆنی E- Payment و (پڕۆژەی هەژماری من) لە لایەن عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە هاوكارانی كە بەشدارن لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەكە، بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو.

سەرۆك وەزیران وێڕای سوپاسكردنی تیمی جێبەجێكاری پڕۆژەكە ، وتیشی سوپاسی جێگری سەرۆك وەزیران دەكەم كە لە كابینەی پێشووش كاری لە سەر بە دیجیتاڵكردن كردووە ، هەروەها سوپاسی وەزیری دارایی دەكەم بۆ پاڵپشتی و سەرخستنی پڕۆژەی ( هەژماری من ). جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێ تەواوی وەزارەتەكان پشتگیری پرۆسەی بەدیجیتەڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بكەن، كە ئەمە بنەمایەكە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی دارایی و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری، كە لە ڕێگەی كاراكردن و بەهێزكردنی بانكەكانەوە، ئابووریی وڵات زیاتر پێش دەكەوێت و جموجۆڵی ئابووریش پەرە دەسەنێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە بۆ دەستنیشانكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرا پشتیوانی لەو هەنگاوە بكەن و پاڵپشت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا