فراكسیۆنی یەكێتی 10 خاڵ دەخاتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراق

پۆڵەتیك پرێس

فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان 10 داواكاری دەخاتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و تێیدا داوادەكات: پشكی هەرێم یاخود سلفەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان بنێرێت، كەنزیكەی دوو مانگە دابەش نەكراوەو بار گرانیەكی زۆری دروستكردووە، لەبەرامبەریشدا سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە لەماوەیەكی زۆر نزیكدا پارە بۆ هەرێم دەنێرین بۆ مووچە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ 31_7 وەفدێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران كە پێكهاتبوون لە سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆن سەردانی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد.

لەدیدارێكی دۆستانەدا، فراكسۆنی یەكێتی كۆمەڵێ داخوازی هەنووكەیی خەڵكی كوردستانی خستە بەردەم بەڕێز سەرۆك وەزیران، كە گرنگترینیان بریتی بوون لەمانە:

1. ناردنی پشكی هەرێم یاخود سلفەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان، كەنزیكەی دوو مانگە دابەش نەكراوەو بار گرانیەكی زۆری دروستكردوە، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە لەماوەیەكی زۆر نزیكدا پارە بۆ هەرێم دەنێرین بۆ مووچە.

2. تەرخانكردنی بودجەیەك وەكو دیاری سەرۆك وەزیران بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

3. داننان بە زانكۆكانی گەرمیان و چەرموو و راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە.

4. تەرخانكردنی بودجەیەكی دوو ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی پشكنینی DNA بۆ 171 روفاتی ئەنفالكراوانی گەرمیان كە ئێستا لە پزیشكی دادی بەغدان.

5. ئەنجامدانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ، كە كێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ چارەسەر دەكات وەك دیاریەك بۆ پایتەختی ئەنفالكراوانی كوردستان.

6. دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە دەستنیشانكردنی پێشوەختەی شێرپەنجە لە سلێمانی.

7. چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ لابردنی ئابلۆقەی ئاسمانی لەسەر فرۆكەخانەی سلێمانی.

8. چارەسەركردنی كێشەی زەویوزاری كشتوكاڵی جووتیارانی كوردی كەركوك و دەوروبەری، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆك وەزیران رایگەیاند لەگەڵ وەزیری دادی عێراق قسەیان كردوەو بڕیاریدا لیژنەیەكی لەوەزارەتە پەیوەندارەكان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و پەرلەمانتارانی پارێزگالە پێكبهێنرێت.

9. راگرتنی هاوسەنگی لە پۆستە ئیداریەكان و دامەزراندن لە كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكانی تر.

10. دروستكردنی بەنداو بۆ گڵدانەوەی ئاو بۆ رووبەروبونەوەی كێشەی كەم ئاوی.

بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی هەڵوێست و سیاسەتی هاوسەنگ و بەرپرسیارانەی یەكێتی كرد مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە سیاسیەكانی عێراق و پاڵپشتی كردنی حكومەتی عێراق.

سەبارەت بە داخوازییەكانی فراكسیۆنی یەكێتی-یش سەرۆك وەزیران رایگەیاند هەموو داواكارییەكان تاوتوێ دەكەین و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی سوپاسی سەرۆك وەزیرانی كرد و پشتیوانی یەكێتی بۆ سەركەوتنی هەنگاوەكانی حكومەت بۆ خزمەتكردنی خەڵك و چاكسازی دووپاتكردەوە.

جەختیشی كردەوە لەسەر داخوازییەكانی فراكسیۆنی یەكێتی كە داخوازی خەڵكی كوردستانن.

فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا