پۆڵەتیك پرێس
بە بڕوای شارەزایانی ئابوری سەركەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەم بۆ سەرۆكی ئەمریكا، لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە كاریگەری زۆری دەبێت و ئەمریكا دەباتەوە پێشەنگی وڵاتان، كە لەسەردەمی ترامپدا ئەمریكا لاوازبوو بوو، ئابوریناسێك دەڵێت بایدن كەسێكی ژینگە دۆستە و نایەوێت نەوت وەك سەرچاوەی سەرەكی وزە بەكاربهێنرێت چونكە ژینگە پیس دەكات.
ئەمیر قەساب ئابوریناس بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لە ئەمریكا باگگراوندی سەرۆك گرنگە لەبەرچاوبگیرێت، دۆناڵد ترامپ كەسێكی بازرگان بوو سیاسەتی نەكردبوو، بەپێچەوانەوە جۆ بایدن نزیكەی نیو سەدەیە لە بواری سیاسەتدا كار دەكات سیناتۆر بووە و دواتر هەشت ساڵ جێگری سەرۆك بووە و ئێستاش چوار ساڵ لە پۆستی سەرۆكدا دەبێت، بەمەش دەكاتە 12 ساڵ كە لەناوەندی بڕیاری سیاسیدایە.
ئەو ئابوریناسە وتیشی: ئەوەی پەیوەندیدارە بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەوەیە لە رووی ئابوورییەوە سەرچاوەی ئەم ناوچەیە نەوتە، رەنگە بایدن كەمتر گرنگی بە نەوت بدات، چونكە ئەو زیاتر داخوازی وزەی پاك دەكات و بەلای ئەوەدا دەڕوات ئەو وزانە بەكاربهێنرێت كە ژینگە پیس ناكەن، كەسێكی ژینگە دۆستە و نەوتیش وزەیەكە ژینگە پیس دەكات.
ئەمیر قەساب باسی لەوەشكرد، جۆ بایدن هەوڵدەدات ئەمریكا پێش بخات چونكە ئەمریكا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپدا زۆر لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووركەوتبووەوە، لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و ئەو پەیماننامانەی لەگەڵ وڵاتان ئەمریكا هەیبوو دوور كەوتەوە لە نمونەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران یان رێكخراوی ژینگەی جیهانی، رەنگە ئەمانە گۆڕانكارییان بەسەردابێت و بایدن هەوڵبدات ئەمریكا بباتەوە ئاستی پێشەنگی لەجیهاندا.
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵژاردنی سەرۆكی ئەمریكا ئەنجامدرا و جۆ بایدنی دیموكرات سەركەوت بە دۆناڵد ترامپی كۆماری و سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، بەمەش بایدن بووبە 46 ەمین سەرۆكی ئەمریكا.